په‌رله‌مانتارێكی گروپی 15: تائێستا بڕیارمان نه‌داوه‌ بچینه‌ ناو فراكسیۆنی هاوپه‌یمانیی كوردستانییه‌وه‌

13/02/2020 عێراق

نه‌وا
په‌رله‌مانتارێكی یه‌كگرتوی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی عیراق به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ باس له‌ داواكارییه‌كی پارتی و یه‌كێتی ده‌كات لێیان بۆئه‌وه‌ی یه‌كده‌نگ بن له‌ به‌غدا.
جه‌مال كۆچه‌ر سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عیراق له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی "ئاراسته‌"ی رادیۆ نه‌وادا، ره‌خنه‌ى له‌ پارتى و یه‌كێتى گرت كه‌ ئێستا داواى یه‌كڕیزى ده‌كه‌ن و وتى "هه‌ردووكیان به‌ هه‌موو مه‌زنایه‌تى ده‌سه‌ڵاتى خۆیان و به‌ تواناى سه‌رزه‌وى و ژێرزه‌وى و ئاسمان دژایه‌تى گروپى 15یان كرد بۆئه‌وه‌ى بڕیارده‌رێك له‌ په‌رله‌ماندا وه‌رنه‌گرین و ئێستاش داواى یه‌كڕیزى ده‌كه‌ن".
وتیشى "هێشتا بڕیارمان نه‌داوه‌ رازى بین یان رازى نه‌بین به‌ چونه‌ ناو فراكسیۆنی هاوپه‌یمانیی كوردستانییه‌وه‌".
له‌ به‌رانبه‌ردا رێبوار هادى سه‌رۆكى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانی عیراق له‌ فراكسیۆنى پارتى، وتى "كورد به‌ گشتى و پارتی-یش مافى خۆیان و پشكى خۆیان وه‌رنه‌گرتوه‌، چونكه‌ به‌شدارى له‌ حكومه‌ت به‌ دوو وه‌زاره‌ت نابێت".
وتیشى "بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌ به‌غدا و وه‌رگرتنى پشكه‌كانى كورد به‌ یه‌كده‌نگى ده‌بێت و ئه‌گه‌ر پێشتریش گروپى 15 و یه‌كێتى و پارتى پێكه‌وه‌ گفتوگۆیان بكردایه‌، ئه‌وا دواتر ده‌مانتوانی پۆسته‌كانمان له‌ناو خۆماندا دابه‌شبكه‌ین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group