"پۆمپیۆ و بارزانی رێككه‌وتون له‌سه‌ر پێكه‌وه‌كاركردنی نزیك و به‌رده‌وامی ئه‌مریكا و هه‌رێم"

6 رۆژ پێش ئێستا جیهان

نه‌وا
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌ڵێت، مایك پۆمپیۆ و مه‌سرور بارزانی رێككه‌وتون له‌سه‌ر پێكه‌وه‌كاركردنی نزیك و به‌رده‌وامی ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان، له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژیی نێوان ئه‌مریكا و عیراق.
دوای ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كۆبونه‌وه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ بڵاوكرده‌وه‌، تیایدا هاتووه‌، پۆمپیۆ پابه‌ندبوونی به‌رده‌وامی واشنتۆنی بۆ عیراقێكی به‌هێز، خاوه‌ن سه‌روه‌ری و خۆشگوزه‌ران دووپاتكرده‌وه‌ و جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی عیراق چاكسازی ئه‌نجامبدات بۆئه‌وه‌ی وه‌ڵامی نیگه‌رانییه‌ ره‌واكانی خۆپیشانده‌ران بداته‌وه‌ و ژیانێكی شكۆمه‌ندانه‌ و خۆشگوزه‌ران و ئارام بۆ هه‌موو عیراقییه‌كان دابینبكات. 
 وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاشكراشیكردووه‌، مایك پۆمپیۆ و مه‌سرور بارزانی رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكه‌وه‌كاركردنی نزیك و به‌رده‌وام له‌نێوان ئه‌مریكا و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژیی نێوان ئه‌مریكا و عیراق.
لای خۆیه‌وه‌ مایك پۆمپیۆ له‌ تویتێكدا نوسیوێتی، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا سوپاسی مه‌سرور بارزانی كردووه‌ له‌به‌رامبه‌ر هاوبه‌شیی نه‌گۆڕی و پابه‌ندبوونی بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ ئاسایشی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌مریكییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان.
پێشتریش مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ تویتێكدا رایگه‌یاندبوو، له‌گه‌ڵ پۆمپیۆ هاوڕابوون، كه‌ پێویسته‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ بمێننه‌وه‌ بۆ تێكشكاندنی یه‌كجاریی داعش".


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group