زەریف: زۆر نزیكبوین لەوەی جەنگی ئێران و ئەمریكا هەڵبگیرسێت

15/02/2020 جیهان

نەوا
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت "دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، زۆر نزیك بوین لە هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا". 
زەریف لەگفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵی تەلەفزیۆنی "ئێن بی سی نیوز"ی ئاماژەی بەوەداوە: كوشتنی قاسم سولەیمانی سەرەتای كۆتاییهاتنی ئەمریكایە لە ناوچەكەدا، هەروەك زۆر نزیكبون لە شەڕ لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، چونكە كاری دوژمنكارانەی بەرامبەر ئێران ئەنجامدا.
وەزیری دەرەوەی ئێران، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكاش بە هۆكاری گرژیەكانی ناوچەكە وەسف دەكات و پێشیوایە ئەوانەی هۆكاری گرژیەكانن پێویستە بەئاگا بێنەوە.
سەبارەت بەهێرشە موشەكییەكانی سوپای پاسدارانیش بۆسەر بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا لە عیراق، وتی "ویستمان ئەوە پیشانی ئەمریكا بدەین، كە ناتوانێت سوكایەتی بە ئێران بكات و هەر كارێك دژی ئێران سزای بەدواوەیە".
دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی لە عیراق، ئێران وەك تۆڵەكردنەوەیەك لە رێگەی چەند موشەكێكەوە دوو بنكەی سەربازیی ئەمریكای لە پارێزگاكانی ئەنبار و هەولێر كردە ئامانج و بەهۆی ئەوەشەوە زیاتر لە 100 سەربازی ئەمریكی توشی شڵەقانی مێشك بون.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group