مەسعود بارزانی: نابێت بە هیچ شێوەیەك گۆڕانی دیموگرافی لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا روبدات

18/02/2020

نەوا
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە جێمس جێفری نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا كرد.
ماڵپەڕی تایبەتی مەسعود بارزانی بڵاویكردەوە، لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی عیراق و هەنگاوەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی تازەی عیراق و ئەگەرەكانی بەهێزبونەوەی تیرۆریستانی داعش لە عیراق تاووتوێ كراون.
هەروەها لە كۆبونەوەكەدا، رۆشنایی خراوەتەسەر بارودۆخی سوریا و دوایین هاوكێشە مەیدانییەكانی ئەو وڵاتە و بیروڕا لەبارەی رۆڵی لایەنە كوردییەكان لە پێشهاتەكانی سوریا ئاڵوگۆڕكراوە. لەوبارەیەشەوە مەسعود بارزانی جەختی لەوە كردوەتەوە پێویستە لە هەر بارودۆخێكدا بێت رێگری بكرێت لەوەی گەلی كورد لە سوریا توشی گرفت و چارەنوسی نادیار ببێتەوە و نابێت بە هیچ شێوەیەك گۆڕانی دیموگرافی لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا روبدات.
هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە، كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكە بوە و هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەردوولا بۆ شەڕی دژبە تیرۆر بەرزنرخێندراوە. جەختیشكراوەتەوە لە فراوانتركردنی هەماهەنگیی دوولایەنە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group