محەمەد تۆفیق عەللاوی گرەنتییەك لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە دەدات

22/02/2020

نەوا
دەرباز محەمەد ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت "محەمەد تۆفیق عەللاوی بە شاندەكەی هەرێمی كوردستانی راگەیاندوە، بەهیچ شێوەیەك موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابڕدرێت".
دەرباز محەمەد، كە ئەندامی شاندی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بوو بۆ دانوستاندن لە بەغدا، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیای فەرمیی بزوتنەوەكەی ئاشكرایكردوە، لە كۆبونەوەی شاندەكەیان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەللاوی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق وتویەتی، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابڕدرێت و ناخزێنرێتە نێو ناكۆكی و پرسە سیاسییەكانەوە. 
ئەندامەكەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان وتیشی "عەللاوی پێی سەیربوە پێشتر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بڕدراوە، بۆیە بۆ شاندی كوردستانی دوپاتكردوەتەوە، كێشە لە موچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێم دروست نابێت و هەموو شتێك وەك ئێستا بەردەوام دەبێت". 
هەفتەی رابردو شاندێكی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن لە بارەی پشكی هەرێم لە كابینەی نوێی حكومەتی عیراق سەردانی بەغدایان كرد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group