ئەندامێكی شاندی كورد لە بەغدا: بەشێك لە داواكارییەكانی كورد جێگیر كراون

22/02/2020

نەوا-كاروان مەحمود 

ئەندامێكی شاندی كورد بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا كە پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامییە لە پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت، گفتوگۆكان بەردەوامن و بەشێك لەداواكارییەكانی كورد بۆ كابینەی داهاتوی حكومەتی عیراق جێگیر كراون.
سەلیم شوشكەیی ئەندامی شاندی كورد بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا بە رادیۆ نەوای راگەیاند، گفتوگۆكان بەردەوامن و بەرەو پێشچوونێكی باش لە دانوستانەكان هەیەو بەشێك لە داواكارییەكانی كورد جێگیر بوون و بەشێكی دیكەشی گفتوگۆ لەبارەیەوە بەردەوامە.
جەختی لەوەشكردەوە، لەگەڵ لایەنە شیعەو سوننەكان گفتوگۆمان كردووە لەسەر پرسە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت پرسی ناوچە جێناكۆكەكان، مووچەی فەرمانبەران، پرسی شایستە داراییەكانی جوتیاران و پرسی دیاریكردنی وەزیرەكان و تا ڕادەیەك بەڵێندراوە ژمارەی وەزارەتەكانی پشكی كورد بكرێتە چوار وەزارەت.
لەبارەی ئەو ناوانەی بڵاو دەكرێتەوە گوایە ناوی كاندیدەكانی كابینەی داهاتووی حكومەتی عیراقە، سەلیم شوشكەیی ئەندامی شاندی كورد بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا وتی: "لەوبارەیەوە پرسیارمان لە محەمەد تۆفیق عەللاوی كردووەو رایگەیاندووە، كە ئەو ناوانە دروست نین و تا ئێستاش ناوەكانی نەداوەتە دەستەی دەستپاكی و بەرپرسانی باڵای شیعەش جەختیان لەوە كردەوە كە ئاگاداری ناوی كاندیدەكان نین و سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو زۆر جەخت لەوەدەكاتەوە خۆی كاندیدەكان دیاری بكات".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group