لە عیراق هۆزێك ماچكردنی قەدەغەكرد

23/02/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
هۆزی ئالبو جەیاش لە سنوری پارێزگای موسەننای باشوری عیراق بڕیاریدا وەك گرتبەری رێوشوێنێك بۆ خۆپاراستن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئیتر لە بۆنەكاندا هیچ كەسێك بە ماچكردن پێشوازی لە میوانەكان نەكەن و تەنها تەوقەیان لەگەڵدا بكەن.
لەوبارەیەوە مەنافی جەیاشی ئەندامی دەستەی هزر لە هۆزی ئالبو جەیاش لەلێدوانێكدا وتی "راجح رەحیم سەرۆك هۆزەكەمان لە ترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، بەبڕیارێك دابونەریتی پێشوازیكردن لە میوانەكان بە ماچكردن لە سەرجەم بۆنەكان لەنێو هۆزەكەماندا هەڵوەشاندوەتەوە و تەنها رێگەدەدرێت تەوقە لەگەڵ میوانەكاندا بكرێت".
وتیشی "سەرجەم ئەندامانی هۆزەكەمان بەم بڕیارە خۆشحاڵن، جگەلەوەش پاڵپشتی لە رێوشوێنەكانی حكومەت دەكەین بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە ترسناكە".
پێشتر عیراق رایگەیاند بەهۆی مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، دەروازە سنورییەكانی لەگەڵ ئێران داخستوە.
هەروەها وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایگەیاندوە، هەر بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ ئێران هەڵپەساردوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group