گەرمیان... 20 كارمەندی روسی كارەنتین كران

14/03/2020

نەوا
دوای گەڕانەوەیان لە روسیاوە بۆ هەرێمی كوردستان، 20 كارمەندی كۆمپانیای گازپرۆمی روسی كە لە كێڵگەی نەوتی سەرقەڵای ناوچەی گەرمیان كاردەكەن، خرانە ژێر چاودێری پزیشكییەوە و كارەنتین كران.
بێستون ژاڵەیی بەرپرسی كاروباری رێكخراوەكان لەئیدارەی گەرمیان، بە "دەنگی ئەمریكا"ی راگەیاندووە، "ئەو 20 كارمەندەی گازپرۆم، بەو فرۆكە قەتەریە هاتوونەتە هەرێم، كە كەسێكی توشبووی كۆرۆنای تێدا بووە".
وتیشی"كارەنتین كردنی كارمەندانی گازپرۆم، بەپێی رێككەوتنی نێوان كۆمپانیاكە و تەندروستیەو شوێنی كارەنتین كردنەكەشیان هەر لەنێو كامپی كێڵگە نەوتیەكەدایە".
لەچەند رۆژی رابردوودا، كوردێكی توشبوو بەكۆرۆنا لە ئیتاڵیاوە رۆیشتووەتە قەتەر و بەفڕۆكەیەكی قەتەری بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی گەڕاوەتەوە، بە هەمان فرۆكە كارمەندانی گازپرۆمیش كە لەروسیاوە رۆیشتبوونە قەتەر و گەڕاونەتەوە.
بێستون ژاڵەیی وتیشی: "جگە لە 20 كارمەندەكە، 16 كارمەندی دیكەی كۆمپانیاكە كە تێكەڵاویان لەگەڵ ئەو بیست كەسەدا هەبووە كارەنتین كراون، بەڵام ئەوان كوردن".
بە پێی رێنماییە تەندروستیەكان، كارەنتین كراوەكان بۆ ماوەی 14 رۆژ لە ژێر چاودێری پزیشكی دا دەبن، دواتر پشكنینیان بۆ دەكرێت ئەگەر هەڵگری ڤایرۆسەكە نەبن، چاودێریان لەسەر هەڵدەگیرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group