پەرلەمانی كوردستان: ئەولەویەتی حكومەت موچەی هاووڵاتیان و خۆراك و دەرمانی پێویست بێت

04/04/2020

نەوا
دەستەی سەرۆكایەتی و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە و چەند بڕیارێكی لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان دەركرد، پاڵپشتی خۆی بۆ رێكارەكانی حكومەتی هەرێم دەربڕی.
بەپێی راگەیەندراوێكی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی سەرجەم فراكسیۆنەكان، روانگەی فراكسیۆنەكانیان خستەڕو و بەشێوەیەكی گشتی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنەكان لەخستنەڕووی دۆخی گشتی و خاڵە لەپێشینەكان لەسەر ئەم خاڵانە كۆكبوون:
1 - ئەم قەیرانە تەندروستییەی كۆرۆنا، لێكەوتە ئابوورییەكانی، كەمبوونەوەی داهات و چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی بۆ پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان و كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان و بژێویی ژیانیان، لە خاڵە هەرە لەپێشینەكانە كە پێویست دەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری لەسەر بكات.
2 - ئەو ‌ڕێوشوێن و هەنگاوانەی كە تائێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بەخۆپارێزی و گرتنەبەری رێكار و وەرگرتنی بڕیار بۆ پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان ئەنجامیان داوە بەرزدەنرخێنێت.
3 - پشتیوانیی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانین كە لە كۆبوونەوەی 1-4-2020 بڕیاریان داوە بە راسپاردنی لیژنەی یاسایی ئەنجومەن بۆ  ئامادەكردنی بڕیارێكی حكومەتی هەرێم سەبارەت بەكرێنشینان و لێخۆشبوون لەكرێ و هەر رسوماتێكی دیكە، هەمووان كۆكبووین لەوەی كەدوای بڕیاری حكومەت لەم ڕووەوە ئەكەر پێویستیی تەشریعی هەبوو بۆ هەر بڕیارێكی تەشریعی كە لەخزمەتی هاووڵاتییاندا بێت بەهەماهەنگیی هەموولایەك پەرلەمانی كوردستان بەلەبەرچاوگرتنی رێوشوێنە تەندروستییەكان كاری پێویستی تەشریعی ئەنجام دەدات.
4 - هەمووان هاوڕابووین لەوەی كە دەبێت ئەولەویەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەر داهاتێك كە بەردەست دەبێت، مووچەی هاووڵاتییان و خۆراك و دەرمانی پێویست بێت و لەم رووەوە پشتیوانیی ئەو هەنگاوانە دەكەین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی دروستكردنی چەند بۆردو لیژنەیەكەوە كاری لەسەر كردووەو وەكو پەرلەمانی كوردستان چاودێرێكی وردی كاری ئەو لیژنانە دەبین.
5 - هەموولایەك هاوڕابوون كەتێپەڕاندنی ئەم قەیرانە پێویستیی بەهەڵوێست و كاری پێكەوەیی و نیشتیمانی و گیانی كاری هاوبەشە كەهاوكار بێت لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.
دواتر ئەم بڕبارانەی خوارەوە دران:
1 - سەرۆكایەتیی پەرلەمان و لیژنە تایبەتمەندەكان بەردەوام دەبن لەكاری بەدواداچوون و هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خێراتركردنی هەنگاوەكانی چاكسازی لە خەرجی و داهات.
2 -  دروستكردنی لیژنەیەكی باڵای پەرلەمان بەسەرۆكایەتیی سەرۆكی پەرلەمان و ئەندامیەتیی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی لیژنەی دارایی و تەندروستی و پیشەسازی و وزەو لیژنەی كاروباری یاسایی بۆ بەدواداچوونی كاری ئەو لیژنە تایبەتمەندانەی حكومەتی هەرێم كە بۆ بەدواداچوونی پێداچوونەوە بەخاڵە سنوورییەكان و گرێبەستەكان و روسومات و لێخۆشبوونی گومرگی و دابینكردنی خۆراك و پێداویستیی دەرمان دروستكراون.
3 - دروستكردنی لیژنەیەكی باڵای پەرلەمان بەسەرۆكایەتیی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و ئەندامیەتیی سكرتێری پەرلەمان و سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنەكان بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پێویست و بەدواداچوونی كاری لیژنە تایبەتمەندەكان و هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنەكانی ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی كۆڕۆنا.
4 - پەرلەمانی كوردستان پاڵپشتیی ئەوە دەكات لەچوارچێوەی بەرژەوەندی و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان رێككەوتنێكی هاوسەنگ لەگەڵ حكومەتی عێراق بكرێ.
لەكۆتاییدا كۆبوونەوە وێڕای بەرزڕاگرتنی خۆڕاگریی هاووڵاتییان داواو تكایان لەهاووڵاتییانی بەڕێز ئەوەیە بەتەواوی پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن.
پەرلەمانی كوردستان هەوڵ و ماندووبوونی سەرجەم پزیشك و كارمەندانی تەندروستی و پێشمەرگەو هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆو تێكڕای فەرمانبەرانی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بواری خزمەتگوزاریی گشتی بەرزدەنرخێنێت و سوپاسی لەخۆبردوویی و خزمەتەكانیان دەكەین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group