لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی راپۆرتی وەزارەتەكانی پەسەند كرد

08/04/2020

نەوا
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی یەكەمین كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی  كرد. 
لە كۆبوونەوەكەدا مەسرور بارزانی  سەرۆكی حكومەت رایگەیاند، ئامانج لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، بەدیهێنانی دادپەروەریی و پاراستنی مافی مووچەخۆری راستەقینە و شایستەیە.
راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/4/8 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە سەرپەرشتی یەكەمین كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كرد ، دوای ئەوەی پەیڕەوی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندكراو و لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستانیش بڵاوكرایەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەكان بەشدار بوون، گفتوگۆ دەربارەی میكانیزم و چوارچێوەی یاسایی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كرا. 

سەرۆكی حكومەت بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە جەختی لەوە كردووە كە ئەنجامدانی چاكسازی بەشێكی گرنگی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و ئامانجیش لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، بەدیهێنانی دادپەروەریی و شایستەبوونە و دەبێ هەموو بوار و سێكتەرەكانیش بگرێتەوە، دابینكردنی ماف وئیمتیازاتی یاسایی مووچەخۆرانی ڕاستەقینە و شایستە ئامانجی سەرەكیمانە.

دوای ئەوەی وەزیرە پەیوەندیدارەكان راپۆرتی تایبەتیان سەبارەت بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی خستەڕوو. لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی راپۆرتی وەزارەتەكانی پەسەند كرد، و گشت وەزارەت و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت ڕاسپێردران بە پێكهێنانی لیژنە لاوەكیەكان و دەستبەكاربوونیان لە زووترین كاتدا لە چوارچێوەی ماددە و بڕگەكانی یاسای چاكسازیی.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group