مەسرور بارزانی لەسەر دۆخی زینی وەرتێ پەیامێكی بڵاوكردەوە

17/04/2020

نەوا
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند،"حكومەتی هەرێم حكومەتی هەمو هەرێمی كوردستانە" راشیگەیاندوە،"بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەین لە هەرێمی كوردستاندا چەندین حوكومڕانیی جیاواز لە دەرەوەی یاسا سەرهەڵبدەن و رێگری لە جێبەجێكردنی رێنماییەكانی حكومەت بكەن."

مەسرور بارزانی لە پەیامەكەیدا رایگەیاندوە،"دوابەدوای هەوڵە سەركەوتوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیدارەدانی قەیرانە یەك لە دوا یەكەكان، بە تایبەت لە ئیدارەدان و رێگەگرتن لە بڵاوبونەوەی پەتای ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی، هەوڵێكی ئاراستەكراو لە دژی حكومەت دەستی پێكردوە، كە دڵنیام ناتوانێت ڕێگە لە خواستی حكومەت و خەڵك بگرێت."

دەقی پەیامەكە

پەیامێك لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە

حكومەتی هەرێم حكومەتی هەموو هەرێمی كوردستانە

دوابەدوای هەوڵە سەركەوتووەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیدارەدانی قەیرانە یەك لە دوا یەكەكان، بە تایبەت لە ئیدارەدان و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەوڵێكی ئاراستەكراو لە دژی حكومەت دەستی پێكردووە، كە دڵنیام ناتوانێت ڕێگە لە خواستی حكومەت و خەڵك بگرێت.

پێویست دەكات لە سەر ئەو گرژییانەی لە بارەی زینی وەرتێ لە لایەن كەسانێكی نامەسئولەوە هاتوونەتە ئاراوە، ڕوونكردنەوە بدەین.

لە دەستپێكی رێكارەكانی كۆنترۆڵی ناوچە سنوورییەكان بە هۆی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناوە، ژمارەیەك قاچاخچی هەوڵی هێنان و بردنی چەندین كەسیان لەو سنوورە داوە، كە پێچەوانەی ڕینماییە تەندروستییەكانی حكومەت بووە.

بۆ رێگریكردن لە سەرپێچییەكان، وەك زۆرێك لە ناوچە سنوورییەكانی دیكە، وەزارەتی پێشمەرگە هێزێكی یەكگرتوو و هاوبەشی بۆ زینی وەرتێ ڕەوانە كرد، بەڵام بەداخەوە لە كاتێكدا چاوەڕوانی پاڵپشتیی هەموو لایەنەكان لە حكومەت بووین، تاقمێكی دیاریكراو بە مەبەست و بە نەفەسی حیزبیانە، هێزی حیزبییان بەرامبەر بە هێزی حكومەت جووڵاند و بە ئاشكرا دژی حكومەت وەستانەوە، بە بیانووی ئەوەی كە گوایە ئەم سنوورە هی حیزبێكی دیاریكراوە و حكومەتی هەرێم ناتوانێت هێزە هاوبەشەكانی تێدا جێگیر بكات و بۆ ئەم مەبەستەش كەوتوونەتە تۆمەت هەڵبەستن وتێكەڵكردنی بابەتی نابەجێ و ناپەیوەندیدار.

هێزە هاوبەش و یەكگرتووەكان هێزی حكومەتن و حكومەت خۆی بڕیار دەدات لە چ ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان جێگیرییان بكات. ئەو هێزە هاوبەشانە بە بێ هیچ هەستیارییەك لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمدا بڵاوەیان پێ كراوە. بۆیە لێرەدا ئەم پرسیارە دەخەینە بەردەم ڕای گشتیی كورستان كە بۆچی و بە چ مەبەستێك تەنیا دژایەتی چوونی هێزی حكومەت بۆ زینی وەرتێ دەكرێت؟ 

لێرەدا بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویستمان دووپاتی دەكەمە كە بێجگە لە هێزی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، هیچ هێزێكی حیزبیی دیكە لە زینی وەرتێ جێگیر نەكراوە. هەروەها لە كاتێكدا سوپاسی ئەو هێزە سیاسییانە دەكەین كە نیگەرانیی و پەرۆشی خۆیان بەرامبەر بەم دۆخە نەخوازراوە دەربڕیوە، داوایان لێ دەكەین بڕیار و دەسەڵاتەكانی حكومەت لەگەڵ هی حیزبێك بەراورد نەكەن، چاوەڕیی ئەوەیان لێ دەكەین پشتیوانی هەوڵەكانی حكومەت بن بۆ جێبەجێكردنی یاسا و نەهێشتنی دەسەڵاتی نابەرپرس و گرووپە چەكدارەكانی ژێر دەسەڵاتی شەخسی. داویان لێ دەكەم بڕیارەكانی حكومەت بە بڕیارەكانی حیزبی نەزانن و چەسپاندنی یاسا بە ململانێی حیزبی هەژمار نەكەن.

باسكردنی دوو ئیدارەیی و تۆمەتباركردنی یەكتری، خزمەت بەو بارودۆخە ناكات، ئەمەی ئێستا ڕوودەدات یاخیبوونی تاقمێكی دیاریكراوە بەرامبەر بە حكومەت، نەك ململانێی حیزبی. هیوادارین ئەو لایەنانە بە وریاییە مامەڵە لەگەڵ ئەم گرژییە بكەن و رۆڵی خێر و كاریگەرییان بەو شێوەیە دەردەكەوێت، كە بەرامبەر بە ناحەقی و پێشێلكارییەكان بوەستنەوە، نەك چاك و خراپ بە یەك چاو سەیر بكەن.

لە سەرەتای دەستبەكاربوونمان لەم كابینەیەدا بەڵێنی راستگۆیی و خزمەت و چەسپاندنی گیانی یەك ئیدارەییمان بە هاووڵاتییانی خۆشەویست داوە. بە هیچ شێوەیەك قبول ناكەین بە ڕوالەت حكومەتی یەكگرتوو هەبێت و، لە بەشێكی هەرێم دەسەڵاتداریی دیكە هەبێت و دژایەتی حكومەت بكەن.

وەزیرە بەڕێزەكان، وەزیری هەموو حكومەتی هەرێمی كوردستانن و رێنماییەكانیان لە حكومەت وەردەگرن نەك حیزبەكان، ئەمەش خواست و ئاواتی هەموو خەڵكی كوردستان بووە. 

ئێمە لە كاتێكدا كە نوێنەرایەتی هەموو ناوچەكانی كوردستان دەكەین، ئاوهاش بەرپرسیارین لە چەسپاندنی یاسا و رێنماییەكان لە هەموو ناوچەكان بە بێ فەرق و جیاوازی. بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەین لە هەرێمی كوردستاندا چەندین حوكومڕانیی جیاواز لە دەرەوەی یاسا سەر هەڵبدەن و رێگری لە جێبەجێكردنی رێنماییەكانی حكومەت بكەن. 

*هاوولاتیانی خۆشەویست*:

 من پشت بە خوا و ئێوەی دڵسۆزی نیشتمان، ئەم ئەركە قورسەم قبوڵ كردووە. ئێستاش بە پشت بەستن بە خوا و ئێوە، لە چەسپاندنی یاسا و خزمەتی هەموو خەڵكی كوردستان، بەبێ جیاوازی بەردەوام دەبین.

*مەسرور بارزانی*

*سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان*

2020/4/17

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group