وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی وەڵامی داواكاریی رادەستكردنی چەكی دەستی پێشمەرگە دەداتەوە

18/04/2020

نەوا
ئارام باڵەتی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق، لەسەر ئەو دەنگۆیانەی كە داوا دەكەن رادەستكردنی چەك بە دەوڵەت هێزەكانی پێشمەرگەش بگرێتەوە دەڵێت "هەندێك كەس دەیانەوێت كارتەكان تێكەڵاو بكەن و هێزەكانی پێشمەرگە شەرعی و دەستورین".
ئارام باڵەتی لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە، لە هەندێك شوێن و جێگە، چەند لایەن و كەسێك هەوڵی تێكەڵاوكردنی كارتەكان دەدەن، ئەویش لەرێگەی داواكاریەكانیان بۆ ئەوەی رادەستكردنی چەك بە دەوڵەت هێزەكانی پێشمەرگە بگرێتەوە، ئەوانە هەوڵی خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنی دەستور و داواكاری جەماوەری دەدەن، ئەویش بە دروستكردنی ئاژاوە و تێكەڵكردنی كارتەكان لەنێوان ئەو هێزانەی لە چوارچێوەی دەوڵەت و ئەو هێزانەی كە شەرعیەت و دەستوری و یاسایی نین، ئەوەش لە پێناو ئەوەی ئەو داواكاریە دەستوریە جێبەجێ نەكرێت.
باسی لەوەشكردوە، ئەگەر كەس و لایەن هەیە باوەڕی بە دەستور نییە، یاخود لێی تێناگات، بەبیریان دەهێنینەوە، كە هێزەكانی پێشمەرگە سەرەڕای ئەوەی خاوەنی مێژویەكن لە خەبات و قوربانی لەپێناو ئازادكردنی عێراق لە دیكتاتۆریەت، شەرعیەتی دەستوریی هەیە، ئەوەش بەپێی مادەی 21 بڕگەی 5ی دەستور.
وتەبێژەكەی فراكسیۆنی پارتی تەئكیدیش دەكاتەوە، گوێ لە دەنگە مەزاجیەكانی دەرەوەی چوارچێوەی دەستور ناگرین هەركەسێك بن و ناكرێت میلی كاتژمێر بگەڕێنرێتەوە بۆ دواوە و مافە شەرعی و دەستوریەكانی گەلی كوردستان جێی گفتوگۆ و قسە لەسەركردن و گرێبەستی سیاسی نین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group