فازیل نه‌بی: له‌م رۆژانه‌دا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن و به‌غدا پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌نێرێت

26/04/2020 عێراق

نه‌وا
بریكاری پێشووی وه‌زاره‌تی دارایی عیراق پێی وایه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا كێشه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌باره‌ی به‌شه‌ بودجه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت و به‌غدا 453 ملیار دیناره‌كه‌ ده‌نێرێت.
د.فازیل نه‌بی پسپۆڕی ئابوری و بریكاری پێشووی وه‌زاره‌تی دارایی عیراق له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ گفتوگۆی "نیو كاژێر"ی رادیۆ نه‌وا رایگه‌یاند، به‌ پێی یاسا تا په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی 2020، پێویسته‌ به‌غدا پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بنێرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌رێم 250 هه‌زار به‌رمیا نه‌وتی رۆژانه‌ش راده‌ست نه‌كات، بۆیه‌ داواكارییه‌كه‌ی ئه‌میندارێتیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق بۆ نه‌ناردنی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم نایاساییه‌.
به‌پێی زانیارییه‌كانی د.فازیل نه‌بی، له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا جۆرێك له‌ ده‌ربازبوون له‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا رووده‌دات و به‌غدا 453 ملیار دیناره‌كه‌ ده‌نێرێت، به‌ڵام نه‌یشارده‌وه‌، كه‌ دۆخی عیراق به‌شێوه‌یه‌كه‌ ده‌بێت مانگانه‌ و رۆژانه‌ گفتوگۆ و رێككه‌وتن بكه‌یت له‌گه‌ڵ به‌غدا.
بریكاری پێشووی وه‌زاره‌تی دارایی عیراق پێشبینیشی كرد عیراق ده‌ست بۆ یه‌ده‌گی بانكی ناوه‌ندی ببات بۆ دابینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كانی و پێویسته‌ له‌و پاره‌یه‌ش 453 ملیاره‌كه‌ی پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانیش بنێرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group