حكومەتی هەرێم و عیراق جارێ نەگەیشتونەتە هیچ رێككەوتنێك

30/04/2020

نەوا
پاش نزیكەی سێ كاتژمێر كۆبونەوە، هەردوو شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و عیراق لە بەغدا كۆتاییان بە گفتوگۆكانیان هێنا و تائێستا نەگەیشتونەتە هیچ رێككەوتنێك.
ئەوە دووەم كۆبونەوەی نێوان شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم و عیراقە، كە لە ماوەی دوو رۆژدا بەڕێوەچوە و لەوبارەیەشەوە سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی وتوە "دووەم كۆبونەوەی شاندی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق كۆتایی هات و لەكۆبونەوەكەدا بە وردی گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتە سیاسی و پرسی نەوت و بودجە و موچەوە كرا".
وتیشی "لەكۆبونەوەكەدا بڕیاردرا بۆ گەڵاڵەكردنی پێشنیارەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەئایندەیەكی زۆر نزیكدا كۆبونەوەیەكی دیكە لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق ئەنجامبدرێت".

پێشتریش سەمیر هەورامی لە بەغداوە قسەی بۆ رادیۆ نەوا كرد و رایگەیاند، هەردوولا بڕیاریانداوە وەك یەك تیم كاربكەن بۆ دیاریكردنی رێگەچارەكان، كۆبونەوەی لیژنەی تەكنیكی ئەنجامدرا و هەردوولا خەرجی و داهاتی خۆیان خستوەتە روو، بۆ رێگە چارەیەك دەگەڕێن بۆ ئەوەی داهات و خەرجییەكان بۆ رەوشی ئێستا بگونجێنرێن، بە جۆرێك ئیدارەی هەم هەرێم و هەم بەغدای پێبدرێت.
وتەبێژەكەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دوپاتیشیكردەوە، لەبارەی پرسەكانی نەوت و دارایی هەندێك ناكۆكی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەن، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت نەگەنە ئەنجام، بڕیارە خاڵبەندیی وشەكان بكرێت و بگەنە رێككەوتن، بۆ ئەوەی ئەو پرسانە ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت چارەسەر بكرێت، تا ئەو كاتەی حكومەتی نوێی عیراق بە سەرۆكایەتیی كازمی پێكدێت، ئەوكات دەكرێت رێككەوتنێكی دیكە بكرێت، یان هەر كار بەم رێككەوتنە بكرێت.




شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group