پەرلەمانتارێكی ئێزدی: ئەم هەفتەیە حكومەتەكەی كازمی بە ئاسانی تێپەڕدەبێت

02/05/2020 عێراق

نەوا
سائب خدر ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە پێكهاتەی ئێزدی دەڵێت، لەم هەفتەیەدا كابینەكەی مستەفا كازمی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت بە ئاسانی لە پەرلەمان تێپەڕدەبێت و بەرهەڵەستییەكی زۆری نابێت.
سائب خدر لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردوە، دۆسێی پێكهێنانی حكومەت و متمانەدان پێی خەریكە كۆتایی دێت و لەم هەفتەیەدا لەناو پەرلەمان دەنگی لەسەردەدرێت، كابینەكەش بە ئاسانی تێپەڕدەبێت و بەرهەڵستییەكی گەورەی نابێت.
باسی لەوەشكرد، ناڕەزایەتییەكان تەنها لەسەر نوێنەرایەتی پێكهاتە نەتەوەییەكانە لە حكومەتی نوێدا، وتیشی "چاومان بە مستەفا كازمی نەكەوتوە و ئەویش داوای نەكردوە دیدارمان هەبێت، سەرەڕای ئەوەی بەرنامە حكومیەكەی خاڵی ئیجابی باشی تێدایە سەبارەت بە پێكهاتەكان.
ئەو پەرلەمانتارە رونیشیكردوەتەوە، ئەگەر حكومەت پێكهات و چارەسەری بۆ پێكهاتەكان پێبوو وەك چارەسەری دۆسێی ئاوارەكان و پاراستنی ئەو پێكهاتانە بەشێوەیەكی راستەقینە ئەوا پشتگیری حكومەت دەكەن، بەڵام ئەگەر هیچ چارەسەرێكی پێنەبو، ئەوا هەڵوێستێكی دیكەیان دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group