لە ئامرازەكانی گواستنەوەی گشتی لە تاران بەستنی دەمامك كرا بە ناچاری

02/05/2020 جیهان

نەوا
ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە ئێران لە 100 هەزار كەس نزیكدەبێتەوە، لە ئامرازەكانی گواستنەوەی گشتیشدا لە تاران بەستنی دەمامك كراوە بە ناچاری.
كیانوش جەهانپور وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە دوێنێ هەینییەوە تا ئەمڕۆ لە تەواوی وڵاتەكەدا 65 كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆناوە گیانیانلەدەستداوە، بەوەش كۆی ئەو كەسانەی بەهۆی ڤایرۆسەكە گیانیانلەدەستداوە گەیشتە شەش هەزار و 156 كەس، هەروەها 802 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون و ژمارەی توشبوان گەیشتە 96 هەزار و 448 كەس.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاشكراشیكرد، تائێستا 77 هەزار و 350 كەس لەو وڵاتە لە پەتای كۆرۆنا چاكبونەتەوە.
لای خۆیەوە ئەنوشیروان موحسنی بەندەبی پارێزگاری تارانی پایتەختی ئێران رایگەیاند، لەمڕۆوە لە ئامرازەكانی گواستنەوەی گشتی، وەكو تاكسی، پاس و میترۆكان، بەستنی دەمامك لەلایەن سەرنشینانەوە كراوە بە ناچاری و لە 25 وێستگەی میترۆی تاران دەمامك دەفرۆشرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group