دواجار بڕیاردرا یەكێك لە خولە گەورەكانی تۆپی پێی ئەوروپا دەستپێبكاتەوە

06/05/2020 وەرزش

نەوا
حكومەتی ئەڵمانیا گڵۆپی سەوزی بۆ تۆپی پێی ئەڵمانی ناسراو بە "بۆندزلیگا" هەڵكردوە بۆئەوەی یارییەكان دەستپێبكەنەوە، بەڵام هیچ هاندەرێك بۆی نییە ئامادەبێت.
لەوبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویكردوەتەوە، بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی دەستیكەوتوە حكومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا و دەسەڵاتدارانی ویلایەتەكان گڵۆپی سەوزیان بۆ "بۆندزلیگا" هەڵكردوە تا یارییەكانی خولەكە دەستپێبكەنەوە.
رونیشكراوەتەوە، بەرپرسە سیاسییەكان پێیانوایە دەستپێكردنەوەی خولی پلە یەك و دووی وڵاتەكەیان، كە 36 یانەن، بۆ سنورداركردنی زیانە ئابورییەكان قبوڵكراوە.
بەپێی زانیارییەكان، ئەمڕۆ (چوارشەممە) ئەنجێلا مێركل راوێژكاری ئەڵمانیا بڕیار لە كاتی دەستپێكردنەوەی خولەكان دەدات و 21-5-2020 ئەو كاتەیە، كە لەوانەیە دیاری بكرێت بۆ دەستپێكردنەوەی یارییەكان.
خولی ئەڵمانی، یەكەم خولی ئەوروپا دەبێت، كە دەستپێدەكاتەوە و پێش دەستپێكردنیشی، یاریزانەكان بۆ ماوەی 14 رۆژ لە كەرەنتیندا دەبن ئەوەش بۆ رێگەگرتنە لە هەر مەترسییەكی گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە بەهۆیەوە لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری رابردوەوە راگیراوە. 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group