نەوا
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئۆكرانیا هۆشداری دەدات لە كەمبونەوەی بڕی ئاو لە وڵاتەكەیاندا و مەترسی ئەوەی هەیە ببێتەهۆی سەرهەڵدانی برسێتی گشتگیر و كەمبونەوەی بەروبومی كشتوكاڵی، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكانیش هۆشداری لە سەرهەڵدانی برسێتی لە چەندین ناوچەی جیهاندا دەدات.
شارەزایانی ئۆكرانیا بڵاویانكردوەتەوە، 5 ساڵی رابردو ئاوێكی زۆر لە حەوزەكانی كۆكردنەوەی لە ئۆكرانیادا هەبوە، بەڵام ئێستا ئەگەری كەمبونەوەی هەیە بەتایبەتی لەو روبارانەی گوشارێكی مرۆیی زۆریان لەسەرە، رۆژنامە و گۆڤارەكانی ئەو وڵاتەش هۆشدارییان لە سەرهەڵدانی وشكەساڵی و برسێتی داوە و چەندین ناونیشانی سەرنجڕاكێشیان بەكارهێناوە وەك "ئەگەری هەیە ئۆكرانیەكان دیارنەمێنن: چی چاوەڕێی ئەم وڵاتە دەكات بەهۆی گۆڕانكاری كەشوهەواوە" و "وشكەساڵی قورس چاوەڕێی وڵات دەكات و بازرگانی هەڕەشەی كارەساتی لەسەرە".
تەنها ئۆكرانیا نییە، كە هەڕەشەی وشكەساڵی و برسێتی لەسەرە، لەماوەی رابردودا وتارە سیاسییەكان و بڵاوكراوەكان لەسەرتاسەری جیهاندا باس لەو بابەتە دەكەنە و وەزیری ژینگە و كەشوهەوای چیك-یش هۆشداری لە بارودۆخی ئەوروپای خۆرهەڵات و پۆڵەندا و رۆمانیا و لیتوانیا داوە لەوەی زۆر بە سادەیی ئەگەری رودانی كارەسات هەیە.
كەمبونەوەی ئاو هەڕەشەیە لەسەر روسیاش بەتایبەتی هەرێمەكانی باشوری، كە بە سەرچاوەی خۆراكی خۆی و ژمارەیەكی زۆر وڵاتی جیهان دادەنرێت، لەكۆتایی مانگی چواری رابردوشدا هەناردەی گەنمی بۆ ماوەیەك راگرت لەپێناو جێگیركردنەوەی بازاڕ و دابینكردنی پێداویستیەكانی ناوخۆ، بەڵام داواكارییەكی زۆریان بەدەستگەیشت بۆ گەنم، كە پێشتر شتی لەو جۆرە روینەداوە و ئەو گەنمەی دانرابو بۆ هەناردەكردنی، بە ماوەیەكی زۆر كورت تەواوبو.
لەلایەكی دیكەوە دیڤید بیسلی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بەرنامەی خۆراكی جیهانی سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی سەرقاڵبون بە روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، لەوانەیە جیهان روبەڕوی برسێتی ببێتەوە و داواش دەكات رێوشوێنی خێرا بگیرێتەبەر.