یەكەم حاڵەتی توشبون بە ئەنفلۆنزای باڵندە لە عیراقدا تۆماركرا

16/05/2020 عێراق

نەوا
وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق، تۆماركردنی یەكەم حاڵەتی توشبون بە ئەنفلۆنزای باڵندە-ی لە كێڵگەیەكی پەلەوەریی پارێزگای نەینەوا راگەیاند.
لەوبارەیەوە حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە فەرمانگەی ڤێتێرنەری سەربە وەزارەتی كشتوكاڵ، یەكەم حاڵەتی توشبون بە ئەنفلۆنزای باڵندە "H5N8"ی لە یەكێك لە كێڵگە پەلەوەرییەكانی بەرهەمهێنانی هێلكە لە پارێزگای نەینەوا تۆماركردوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، دەستبەجێ دەستكراوە بە جێبەجێكردنی پلانی نیشتمانی و سەرجەم بەرهەمەكانی نێو كێڵگەكە سوتێنراون و لەناوبراون، هەروەها قەدەغەی هاتوچۆش بۆ كێڵگەكە پیادەكراوە.
ئەو كێڵگە پەلەوەرییەی حاڵەتەكەی ئەنفلۆنزای باڵندە-ی تێدا تۆماركراوە، ناوچەیەكی دابڕاوە و هیچ كێڵگەیەكی پەلەوەری دیكە لە دەوروبەرییدا نییە.
ئەوەیش خراوەتەڕو، هەموو رێوشوێنێك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكە گیراوەتەبەر و وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاندوە، ئەو ئەنفلۆنزایە یەكێكە لە نەخۆشییە گوازراوەكان، كە لە رێگەی باڵندە كۆچەرەكانەوە لە دەرەوەی وڵات دەگوازرێتەوە و ئێستا لە 38 وڵاتی جیهاندا تۆماركراوە.
لە كۆتاییدا حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق داوا لە سەرجەم خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان دەكات بە وردی چاودێریی رەوشەكە بكەن و لە كاتی گومانكردن بە هەر حاڵەتێكی دیكەی توشبون بە ئەنفلۆنزای باڵندە، لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداربكەنەوە بۆئەوەی رێككاری پێویست لە پێناو رێگرتن لە بڵاوبونەوەی پەتاكە بگرنەبەر.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group