ئیتاڵیا و بەریتانیا رێككارەكانی دژ بە كۆرۆنا سوكتر دەكەن

17/05/2020 جیهان

نەوا
ئیتاڵیا بەشێكی دیكە لە رێككارەكانی تایبەت بە بەرگرتن لە كۆرۆنا هەڵدەگرێت و گەشتە ئاسمانییەكان دەستپێدەكاتەوە، لە بەریتانیاش بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، بەشێك لە قوتابخانەكان بكرێنەوە.
حكومەتی ئیتاڵیا پلانێكی داناوە بۆ دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی كرانەوە، لەو چوارچێوەیەدا جیۆسێپی كۆنتی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی سوككردنی رێككارەكاندا، لە سبەینێوە چێشتخانە و كافێ و باڕەكان دەكرێنەوە، هەروەها چالاكییە كولتورییەكانیش رێگەپێدراو دەبن و لە هەفتەی داهاتووشەوە مەلەوانگەكان و سەنتەرەكانی لەشجوانی دەكرێنەوە.
سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا راشیگەیاندووە، رێگەدان بە چالاكییە ئابوری و كولتورییەكان و كردنەوەی كۆمپانیاكان مەترسیی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا زیاتر دەكەن، بەڵام بۆ بوژاندنەوەی ئابوریی وڵاتەكەیان، پێویستە ئەو مەترسییانە قبوڵبكەن.
هەر بەپێی پلانەكەی حكومەتی ئیتاڵیا، لە 3ی حوزەیرانەوە گەشتە ئاسمانییەكان بۆ ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەكە دەستپێدەكەنەوە.
هەروەها لە چوارچێوەی كەمكردنەوەی رێكارەكانی كۆرۆنا لە بەریتانیا، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، بەشێك لە قوتابخانەكانی بەریتانیا بكرێنەوە.
لەو بارەیەوە دەیڤد ویلیامسن وەزیری پەروەردەی بەریتانیا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە 1ی حوزەیرانەوە بەشێك لە قوتابخانەكان دەكەنەوە و قوتابیان دەتوانن دەست بە خوێندنی وانەكانیان بكەنەوە، بەشێوەیەك، كە لە قۆناغی یەكەمدا تەنیا باخچەكانی ساوایان و  قوتابخانە سەرەتایەییەكان دەكرێنەوە، واتە منداڵانی تەمەنی یەك ساڵی بۆ 12 ساڵی دەتوانن بگەڕێنەوە باخچەكان و قوتابخانەكان.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group