له‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌كانی عیراقدا، كه‌ركوك زۆرترین زیانى كردوه‌

18/05/2020 عێراق

نه‌وا
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌رگریى شارستانیى عیراق ئامارى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ى ئه‌مساڵى ناو كێڵگه‌ كشتوكاڵییه‌كانى عیراقى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تائێستا كراونه‌ته‌وه‌ و قه‌باره‌ى زیانه‌كان و زه‌ویه‌ رزگاركراوه‌كانیشى ئاشكراكردوه‌.
ئاماره‌كه‌ى به‌رگریى شارستانیى عیراق له‌ 21-4ه‌وه‌ تا 17ی ئه‌م مانگه‌ له‌خۆده‌گرێت و تێیدا كۆى گشتى ئه‌و ئاگرانه‌ى تائێستا كه‌وتونه‌ته‌وه‌ 114 روداون و له‌ 11 پارێزگاى وڵاته‌كه‌دا تۆماركراون.
زۆرترین ئاگر له‌ پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین بوه‌، كه‌ 32 روداوه‌، دواى ئه‌ویش پارێزگاى واست دێت به‌ 15 ئاگر، له‌ بابل و كه‌ركوك هه‌ریه‌كه‌یان 11 ئاگریان تێدا كه‌وتوه‌ته‌وه‌، نه‌ینه‌وا 10 ئاگری تێدا تۆماركراوه‌ و ئه‌نباریش ته‌نها یه‌ك روداوی له‌و شێوه‌یه‌ی هه‌بوه‌.
سه‌باره‌ت به‌ قه‌باره‌ى زیانه‌كانیش ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌، تائێستا دوو هه‌زار و 372 دۆنم زه‌وى سوتاون، 26 هه‌زار و 810 دۆنمیش له‌ سوتان رزگاركراون.
هه‌روه‌ها ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌رگریى شارستانیى عیراق ده‌ریده‌خه‌ن، كه‌ركوك به‌ سوتانی 666 دۆنم گه‌وره‌ترین زیانی له‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌كاندا به‌ركه‌وتوه‌، دیاله‌ 551 دۆنمی سوتاوه‌، واست 307 دۆنم، سه‌ڵاحه‌دین 301 دۆنم و نه‌ینه‌وا به‌ 295 دۆنم و له‌ پارێزگاكانى دیكه‌ش ده‌یان دۆنم زه‌وی سوتاون.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group