نەوا
ئازاد حەمەد ئەمین نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان سەبارەت بە رەوشی رۆژنامەنوسە كوردەكانی ناوچە جێناكۆكەكان یاداشتێك ئاراستەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكات و تێیدا ئاگاداری كردوەتەوە لەوەی هێزە ئەمنییەكانی عیراق پێشێلكاری دەرهەق بەو رۆژنامەنوسانە ئەنجامدەدەن.
نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لە یاداشتەكەیدا باسی لەوەكردوە، رۆژنامەنوسانی كورد لەو ناوچانەی مادەی 140 دەیانگرێتەوە، بە بێ لایەنی و بەبێ جیاكاری ئایینی و نەتەوەیی و رەگەزیی كاریان كردوە و قوربانیانداوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەتایبەتی لە ناوچەی كەركوك روبەڕوی پێشێلكاری و وەستاندن و سوكایەتی دەبنەوە و كەلوپەل و پێداویستی رۆژنامەوانییان لێ دەسەنرێت، ئەوەش پێشێلكاری ئاشكرای دەستور و یاسا عیراقییەكانە.
دەشڵێت "ئەو پێشێلكاریانە لە راپۆرتی ساڵی 2020ی سەندیكاكەماندا تۆماركراون، كە لەئێستادا سەرقاڵی ئامادەكردنین و ئەوەی زیاتر ئازارمان دەدات سروشتی هەندێك لە پێشێلكاریەكانە، كە لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانەوە تۆمەتی زارەكی تیرۆریان دەدرێتە پاڵ".
نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لە یاداشتەكەیدا داوا لە سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكات دەستوەردانی خێرا بكات بۆ وەستاندنی ئەو پێشێلكاریانە بەرانبەر رۆژنامەنوسان لەناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەتی لە كەركوكدا. جەختیشدەكاتەوە، كە پێویستە كار بكرێت بۆ فەراهەمكردنی كەشێكی لەبار بۆ كاری رۆژنامەوانی.
تەئیدیشی كردوەتەوە، پێشتر بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە تایبەتمەندەكان هەوڵی وەستاندنی ئەو پێشێلكاریانەیان داوە بەڵام سودی نەبوە، بۆی هیوادارن بەدواداچون بۆ بارودۆخی رۆژنامەنوسانی كورد لەو ناوچانە بكەن و چارەسەری ئەو كێشەیە بكەن ئەویش بە جێبەجێ كردنی یاسا عێراقی و نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە ئازادی رۆژنامەوانی.