نەوا
سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ حەوت هێرشی ئاسمانی كراوەتەسەر مۆڵگەی پاشماوەكانی رێكخراوی داعش لە پارێزگای كەركوك و چەندین پێگەیان كراونەتە ئامانج.
میدیاكانی عیراق لەزاری سەرچاوە ئەمنیەكانەوە بڵاویانكردوەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 18-5-2020 مۆڵگەكانی رێكخراوی داعش لە پارێزگای كەركوك لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانەوە كراونەتە ئامانج.
رونیشكراوەتەوە، حەوت هێرشی ئاسمانی كراونەتەسەر ئەو چەكدارانە و ئامانجەكانیش لە قەزای دوبز بون بەدیاریكراوی لە دەوروبەری گوندەكانی "مەزیریر، كوبەیبە و رەبیزەی عەسریە".
لە پاش چڕبونەوەی پەلامارەكانی داعش لە هەندێك ناوچەدا، ماوەی چەند رۆژێكە هەڵمەتێكی چڕی هێزە ئەمنییەكانی عیراق بۆسەر پاشماوەكانی رێكخراوەكە لە پارێزگاكانی كەركوك، دیالە و ئەنبار و چەندین ناوچەی دیكە دەستیپێكردوە.