سەبارەت بە نوسراوەكەی بەغدا لە بارەی موچەی هەرێم رونكردنەوە دەدرێت

18/05/2020 عێراق

نەوا
هۆشیار عەبدوڵڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، نوسراوەكەی بەغداد كە لەبارەی موچەی فەرمانبەرانەوە بڵاوبوەتەوە، گوزارشتە لە سیاسەتی حكومەتی پێشو نەك حكومەتی ئێستای مستەفا كازمی.
هۆشیار عەبدوڵڵا، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە، "‏ئەو نوسراوەی بە واژۆی حەمید غەزی بڵاوبوەتەوە، گوزارشتە لە سیاسەتی حكومەتی پێشوی عێراق نەك حكومەتەكەی كازمی".
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكردووە، "حكومەتی بەغداد لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەهەر ئالیەتێكی یاسایی و دەستوری لەسەر نەوت و داهات دەگاتە رێكەوتن ئازادە، بەڵام نابێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە نێوانیاندا ببێتە قوربانی".
رۆژی دووشەممە نوسراوێكی حكومەتی عێراق بڵاوكرایەوە، كە تێیدا هاتوە، " سەبارەت بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لەنێوان شاندی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق هیچ رێككەوتنێك ئەنجامنەدراوە". ئاماژەی بەوەشكردبوو، "دەبێت حكومەتی هەرێم موچەی فەرمانبەران لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دابین بكات."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group