مستەفا كازمی ئەركەكانی حكومەتەكەی دیاریكرد و داوای پشتیوانی لە لایەنەكان دەكات

19/05/2020 عێراق

نەوا
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكات پشتیوانیی بكەن بۆ تەواوكردنی كابینەكەی، تا بتوانێت روبەڕوی ئاستەنگ و گرفتەكان ببێتەوە، دەشڵێت، هاتووەتە سەر خەزێنەیەكی نیمچە بەتاڵ.
كازمی وتارێكی بە ناونیشانی "عیراق گەورەترە لە ئاڵنگارییەكان" پێشكەشكرد و میدیای فەرمیی عیراق بڵاویكردەوە، باسی ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانەی كرد، كە عیراق و حكومەتەكەی روبەڕوی دەبنەوە، جەختیكردووەتەوە، ئەركی ئەو تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە راگوزەرەیە بە خێراترین كات و وەڵامدانەوەی داواكارییە گرنگەكان.
سەرۆك وەزیرانی عیراق داواكارییە گرنگەكانیشی دیاریكردووە، لە نمونەی دەركردنی یاسای هەڵبژاردن و دابینكردنی پێویستییەكانی هەڵبژاردن لە نزیكترین ماوەدا بە هاوكاریی نەتەوە یەكگرتووەكان و چاودێرانی خۆجێی و نێودەوڵەتی، هەروەها هەڵبژاردن لە كەشێكی سیاسی و ئەمنیی وادا بكرێت، كە گەرەنتیی پاكی و دادپەوەریی هەڵبژاردن بكات.
كازمی دەشڵێت، بەشیكی دیكەی داواكارییەكان بریتین لە گرتنەبەری هەموو رێوشوێنەكان بە هاوكاریی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكان بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران و گوزارشتكردن لە بیروبۆچوونەكانیان بەوپەڕی ئازادی و ئاشتییانە، بۆیە دوپاتیكردوەتەوە، ئەوەی تەقەبكات دەدرێتە دادگا و ئەركی وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكانە رێگەنەدەن هیچ لایەنێكی دووەم یاخود سێیەم دەستوەردان لە خۆپیشانداندا بكەن.
مستەفا كازمی باسی لەوەش كردووە، هەموو رێوشوێنێكی خێرا و بەپەلە دەگرێتەبەر بۆ روبەڕبونەوەی قەیرانی دارایی و ئابوری و كەمكردنەوە و رێكخستنەوەی خەرجییەكان و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و جێبەجێكردنی چاكسازیی پێویست، لەو چوارچێوەیەدا سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، كە هاتوەتە سەر خەزێنەیەكی نیمچە بەتاڵ.
بۆیە مستەفا كازمی داوا لە هەمووان دەكات، پشتیوانی هەوڵەكانی بن بۆ تەواوكردنی كابینەی وەزاری و ئاسانكاریكردن  لە ئەو ئەركانەی لە قۆناغی راگوزەردا دیاریكراوە.
 


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group