لە نەجەف زیاتر لە 750 تۆن گەنمی پلەیەك دیارنەماوە

19/05/2020 عێراق

نەوا
دەستەی دەستپاكیی عیراق دیارنەمانی زیاتر لە 750 تۆن گەنمی لە سایلۆی نەجەف ئاشكراكردووە، كە بەهاكەی دەگاتە زیاتر لە 420 ملیۆن دینار.
ئەمڕۆ فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكان لە دەستەی دەستپاكیی عیراق رایگەیاند، كارمەندانی نوسینگەی لێكۆڵینەوەی سەر بە دەستەكە لە نەجەف، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی چاودێریی بازرگانی و دارایی لە وەزارەتی بازرگانی، دەستیان گرتووە بەسەر نوسراوەكانی هێنان و دەركردنی گەنمی پلە یەك لە كۆگاكانی سایلۆی نەجەف لە رۆژانی 1-4 تا 4-5ی ئەمساڵ، لێكۆڵینەوەكان سەلماندویانە، كە بڕی 752 تۆن و 498 كیلۆگرام گەنمی پلە یەك لە سایلۆی نەجەف كەمی كردوە و دیارنەماوە، كە بەهاكەی بە 421 ملیۆن و 120 هەزار دینار دەخەمڵێندرێت.
فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكان لە دەستەی دەستپاكیی عیراق ئاشكراشی كرد، كۆنوسی لێكۆڵینەوەی تایبەت بەم بابەتە ئامادەكراوە و پێشكەشی دادوەری دادگای لێكۆڵینەوە كراوە، كە پسپۆرە لە كەیسەكانی دەستپاكی لە نەجەف، بۆ گرتنەبەری رێكاری یاسایی پێویست.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group