نه‌وا
مه‌یاده نه‌جار ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له فراكسیۆنی پارتی ده‌ڵێت "گفتوگۆكانی شاندی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا ئه‌رێنین و به‌مزووانه رێكه‌وتنێكی كۆنكرێتی له‌گه‌ڵ به‌غدا واژوو ده‌كرێت".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره كورده له‌لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ گفتوگۆكانی شاندی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا به ئه‌رێنی وه‌سفكردوه و وتی "گفتوگۆی زۆر له‌نێوان هه‌ردوو شاندی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌كانی عیراقی كراوه و له یه‌كتر نزیكبونه‌وه‌یه‌ك هه‌یه و ئاماژه‌كان ئه‌رێنین، به‌ڵام تائێستا هیچ رێككه‌وتنێكی فه‌رمی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ئه‌نجامنه‌دراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ردوولا گه‌شبینن به‌مزووانه رێككه‌وتنێكی كۆنكرێتی بكرێت و كێشه‌كان له ریشه‌وه چاره‌سه‌ربكرێن، تا جارێكی دیكه پێویستیمان به گفتوگۆ و دانوستان نه‌بێت".
وتوشیه‌تی "رێككه‌وتنه‌كه بۆئه‌وه‌یه بابه‌تی موچه‌ی موچه‌خۆران و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان زامن بێت و هاووڵاتیان توشی دڵه‌ڕاوكێ نه‌بن، ئێمه‌ش هه‌موو هه‌وڵێكمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ی بتوانین رێككه‌وتنێكی كۆنكرێتی له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ین".
مه‌یاده نه‌جار سه‌باره‌ت به نه‌چونی شاندی هه‌رێمی كوردستانیش بۆ به‌غدا، كه بڕیاربوو سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه به‌ره‌و پایته‌خت به‌ڕێبكه‌وێت بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسیییه‌كان، ده‌ڵێت "هۆكاری دواكه‌وتنی شاندی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی بارودۆخی ئێستای عیراقه‌وه‌یه، كه بابه‌تی پێكهێنانی حكومه‌ت و پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته وزارییه‌كانه، بۆیه ده‌رفه‌ت نه‌بوه شانده‌كان گفتوگۆ بكه‌ن، به‌ڵام به‌دڵنیایییه‌وه كاتێك ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی به‌زووترین كات شاندی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكات بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان".
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی عیراق له‌باره‌ی پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پێنج پۆسته وزارییه‌ی له كابینه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی-دا پڕنه‌كراوه‌ته‌وه، وتویه‌تی "تائێستاش لایه‌نه سیاسییه‌كانی عیراق به‌رده‌وامن له گفتوگۆكردن بۆ ئه‌وه‌ی له كورتترین ماوه‌دا ئه‌و پێنج پۆسته وزاریه‌ی كه ماوه، پڕی بكه‌نه‌وه، بێگومان كوردیش وه‌زاره‌تێكی سیادی ماوه، كه پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان-ه و ئێمه‌ش كاندیدی خۆمان ده‌بێت، هه‌روه‌ها پۆستی وه‌زاره‌تی داد، كه پشكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه و ئه‌وانیش كاندیدی خۆیان ده‌بێت بۆ ئه‌و پۆسته".
هه‌روه‌ها مه‌یاده نه‌جار ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی عیراق ده‌شڵێت "فوئاد حسێن، چاوی له‌وه نییه هه‌ر پۆستێكی وزاری وه‌ربگرێت، له دوای جه‌ژنی ره‌مه‌زانیش كاندیدی وه‌زاره‌ته‌كه یه‌كلاده‌بێته‌وه".
قسه‌ی په‌له‌مانتاره‌كه‌ی پارتی له به‌غدا له‌باره‌ی یه‌كلانه‌بوونه‌وه‌ی كاندیدی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، له‌كاتێكدایه پێشتر ئه‌و حزبه دوپاتیده‌كرده‌وه، ته‌نها فوئاد حسێن كاندیدیانه بۆ بوونه وه‌زیری ده‌ره‌وه له كابینه‌كه‌ی كازمیدا.
رۆژی 29ی نیسانی 2020 شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا سه‌ردانی به‌غدای كرد و له‌گه‌ڵ سامر غه‌زبان جێگری ئه‌وكاتی سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری نه‌وتی عیراق كۆبوه‌وه.
رۆژی 5ی ئه‌م مانگه‌ش جارێكی دیكه شانده‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدای كرده‌وه و رایانگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌كان درێژه‌یان ده‌بێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بڕیاربوو سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه شانده‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكات، به‌ڵام تائێستا واده‌ی نوێی سه‌ردانه‌كه رانه‌گه‌یه‌ندراوه.