سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران تاوتوێی دۆخی گشتی عیراق ده‌كه‌ن

28/05/2020 عێراق

نه‌وا 
د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازیكرد له‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و تاوتوێی دۆخی گشتی عیراقیان كرد.
به‌پێی ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار رایگه‌یاندووه‌، له‌ میانی دیداره‌كه‌دا باس له‌ پێویستی په‌له‌كردن كراوه‌ له‌ ته‌واوكردنی كابینه‌ی حكومه‌ت و كاندیدكردنی كه‌سانی به‌توانا و ده‌ستپاك و پشتیوانیكردنی حكومه‌ت له‌ جێبه‌جێكردنی كارنامه‌كه‌ی كه‌ په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر داوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت و ده‌سته‌به‌ركردنی داواكارییه‌ ره‌واكانی هاونیشتمانیان و چه‌سپاندنی چاكسازییه‌ داواكراوه‌كان.
باس له‌وه‌شكراوه‌ سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، جه‌ختیانكرده‌وه‌ له‌گرنگی پیاده‌كردنی سیاسه‌تی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهاندا، له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن له‌ سه‌روه‌ری عیراق، ھاوكات دووپاتیان له‌پێویستی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان كرده‌وه‌ كه‌ وڵاتی پێدا تێده‌په‌ڕێت و گرنگی دانی زیاتر به‌روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا و پشتیوانی لایه‌نه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیاندا و دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ی گونجاو بۆ ئاڵنگارییه‌ ئابورییه‌كان و دابینكردنی بژێوی گشت هاووڵاتیانی عیراق.
هه‌ر له‌میانه‌ی دیداره‌كه‌دا، تیشك خرایه‌ سه‌ر قۆناغی ئێستای وڵات كه‌ پێویستی به‌ یه‌كخستنی هه‌وڵه‌كان و په‌یوه‌ستبونی هه‌موان هه‌یه‌ بۆ له‌ناوبردنی پاشماوه‌كانی گروپی تیرۆریستی داعش و پارێزگاریكردن له‌ ده‌ستكه‌وته‌كان و به‌رده‌وامی سه‌ركه‌وتنه‌كان، به‌جۆرێك كه‌ ئاسایش و ئارامی بۆ ھاووڵاتیان دابین بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group