" كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران كارەساتی ئابوری گەورەی لێدەكەوێتەوە"

29/05/2020 عێراق
نەوا
ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند،كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران كارەساتی ئابوری گەورەی لێدەكەوێتەوە.
سامر زیبان حەمدانی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا باسی لەوەكردووە، موچە تاكە سەرچاوەی سەرەكی ژیانی فەرمانبەرانە و بەشێوەیەكی سەرەكی پشتی پێ دەبەستن، لەبەر ئەوە كەمكردنەوەی موچە دەستبردنە بۆ ژیانی بەشێكی زۆری كۆمەڵگەی عێراق و كارەساتی گەورەی ئابوری لێدەكەوێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، حكومەت جگە لە نەوت داهاتی گەورەی دیكەی هەیە لەوانەش گومرگ و خاڵە سنوریەكان و باج و كرێی وێستگەكانی بەنزین و ئاو و كارەبا و ئەو داهاتەی لای هەرێمی كوردستانە، بۆیە ناكرێت حكومەتی عیراق تەنها پشت بە داهاتی نەوت ببەستێت.
ئەوەشیخستوەتەرو، پێدانی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت لەرێگەی یاساوە دانراوە و دەسكاریكردنی شكاندنی دەستور و یاسایە. 
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، لەئێستادا حكومەتی عیراق روبەروی قەیرانی قوڵی دارایی بووەتەوە و كەمكردنەوەی موچەی پلەباڵاكان وەك یەكێك لە بژاردەكانی بەردەم حكومەت بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكە باسی لێدەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group