ئەمریكا هیچ پەیوەندییەكی بە (WHO)وە نەما

30/05/2020 جیهان

نەوا
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا كۆتاییهێنانی پەیوەندییەكانی واشنتۆنی لەگەڵ رێكخراوی تەندروستیی جیهانی راگەیاند و هۆكارەكەی گەڕاندەوە بۆ شكستهێنانی رێكخراوەكە لە ئەنجامدانی ئەو چاكسازییانەی پێویستبوە بیانكات و بەلارێدابردنی جیهان لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە. 
دۆناڵد ترامپ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە كۆشكی سپییەوە رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) شكستیهێنا لە ئەنجامدانی ئەو چاكسازییانەی كە گرنگ بوو بیكەن، واشنتۆن كۆتایی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ رێكخراوەكە هێنا.
سەرۆكی ئەمریكا رێكخراوی تەندروستیی جیهانیشی بەوە تۆمەتبار كرد، كە لە سەرەتای دۆزینەوەی ڤایرۆسەكە لە چین، بەرپرسانی پەكین فشاریان خستوەتە سەر رێكخراوەكە بۆ ئەوەی جیهان بەلاڕێدا ببەن، بۆیە هێرشی توندی كردە سەر چین و (WHO) و بە شاردنەوەی زانیارییەكان لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمەتباری كردن.
پێشتریش دۆناڵد ترامپ یارمەتییە داراییەكانی ئەمریكای بۆ رێكخراوی تەندروستیی جیهانی راگرتبو و رێكخراوەكەی بە لایەنگریكردن بۆ چین تۆمەتبار كرد، لەو بارەیەوە سەرۆكی ئەمریكا وتی، ئەو پارەیەی بۆ (WHO)یان خەرجدەكرد، لەمەودوا بۆ دابینكردنی پێداویستییە گشتییە بەپەلەكانی دیكەی جیهان تەرخانیدەكەن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group