مسته‌فا كازمی فه‌رمانی دا به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ی پله‌ باڵاكان و نه‌هێشتنی دوو موچه‌یی

31/05/2020 عێراق

نه‌وا
مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌ی چاكسازیی ئابورییدا فه‌رمانی كرد چاره‌سه‌ری كێشه‌ی دوو موچه‌یی بكرێت و موچه‌ی پله‌ باڵاكانی عیراقیش كه‌مبكرێته‌وه‌.
لیژنه‌ی چاكسازیی ئابوریی عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كۆبوه‌وه‌ و باس له‌ قه‌یرانی دارایی كرا و رێككاره‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی قه‌یرانه‌كه‌ی تاوتوێكرد، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كازمی داوای كرد موچه‌ی پله‌باڵاكانی داموده‌زگاكانی حكومه‌ت كه‌مبكرێته‌وه‌.
هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق فه‌رمانی دا به‌پێی بنه‌مای به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی، چاره‌سه‌ری دوو موچه‌یی و موچه‌ی ئه‌و خانه‌نشینانه‌ بكرێت، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات نیشته‌جێن.
پێشتریش عه‌لی عه‌بدولئه‌میر عه‌للاوی وه‌زیری دارایی عیراق ئه‌و پلانه‌ی ئاشكراكرد، كه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، دڵنیایی دا، هه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌یه‌كی موچه‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌ر و خانه‌نشینانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ موچه‌كه‌یان له‌ 500 هه‌زار دینار كه‌متره‌، به‌ڵام سورن له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ی پله‌ باڵاكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group