نەوا
دۆناڵد ترامپ هەڕەشەی بەكارهێنانی بێ سنوری هێزی سەربازی دەكات دژی خۆپیشاندەران، داوا لە حاكمی ویلایەتەكان دەكات توندتر بن، ئەگەر نا، حكومەتی فیدراڵی دەستوەردان دەكات و "هەرچییەك پێویست بێت دەیكات".
خۆپیشاندانەكان لە دژی كوژرانی رەشپێستەكەی شاری مینیاپۆڵس-ی ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریكا بەردەوامن، ناڕەزایەتییەكان چەندین شار و ویلایەتی ئەمریكای گرتووەتەوە و لە چەند شارێك پۆلیس و خۆپیشاندەران روبەڕوی یەكدی بوونەتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكدا رەخنەی ئەوەی لە خۆپیشاندەران گرتوە، كە سنوری ویلایەتەكان دەبڕن بۆ بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكاندا و دەڵێت "بڕینی سنوری ویلایەتێك بۆ هاندانی توندوتیژی، تاوانێكی فیدراڵییە، پێویستە حاكمی ویلایەتەكان و سەرۆكی شارەوانییەكان توندتر مامەڵەبكەن، ئەگەر نا، حكومەتی فیدراڵی دەستوەردان دەكات و ئەو كارەی پێویست بێت دەیكات، بە بەكارهێنانی بێ سنوری هێزە سەربازییەكان و دەستگیركردنی زۆرێك لە خۆپیشاندەران".
ترامپ راشیگەیاندوە، 80%ی "گێرەشێوێنەكان"ی مینیاپۆڵس لە شەوی هەینیدا لە دەرەوەی ویلایەتەكەوە چونەتە شارەكە و زیانیان بە شوێنی كار و ماڵی دانیشتوانی شارەكە گەیاندووە.
هەڕەشەكەی ترامپ بۆ بەكارهێنانی هێزی سەربازی دژی خۆپیشاندەران، لەكاتێكدایە كە لە چەند شارێك هێزەكانی گاردی كۆماری بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە بڵاوكراونەتەوە.
هەر لە چوارچێوەی توندوتیژیەكانی چەند ویلایەتێكی ئەمریكا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شاری ئۆكلاندی ویلایەتی كالیفۆرنیا ئاشكرایكردوە، لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا تەقە لە هێزەكانی پۆلیس كراوە و دوو ئەفسەر كوژراون، كە سەربە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆن و لێكۆڵینەوە لە روداوەكە دەستیپێكردوە.
هەروەها بەگوێرەی زانیاریەكانی ئاژانسی "ئەسۆشیەیتد پرێس"یش لە 17 ویلایەت زیاتر لە هەزار و 400 خۆپیشاندەر دەستگیركراون و چەند كەسێكیش كوژراون و برینداركراون.