ترامپ دوبارە هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز دژی خۆپیشاندەران دەكات

02/06/2020 جیهان

نەوا
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندان و توندوتیژییەكانی وڵاتەكەی دووبارە هەڕەشەی بەكارهێنانی سوپا دەكات و دەڵێت، بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری هەنگاوی خێرا دەنێت و دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدراڵی بەكاردەهێنێت.
ترامپ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی خۆپیشاندان و تونوتیژییەكانی وڵاتەكەیەوە لە دژی كوژرانی جۆرج فلۆید رایگەیاند، سەرەكیترین ئەركی ئەو وەك سەرۆك پارێزگاریكردنە لە ئەمریكا و خەڵكی وڵاتەكەی، بۆیە دوپاتیكردەوە هەموو ئەو دەسەڵاتانەی هەیەتی بەكاردەهێنێت، لەنێویاندا بەكارهێنانی سوپا بۆ كۆتاییهێنان بە "توندوتیژی و تاڵانكارییەكان و ئاگرتێبەردانی بەئەنقەست و وێرانكارییەكان".
سەرۆكی ئەمریكا راشیگەیاند، "من هەنگاوی دەستبەجێی سەرۆكایەتی دەنێم بۆ وەستاندنی توندوتیژی و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ ئەمریكا، هەموو سەرچاوە فیدڕاڵییەكان، لەنێویاندا هێزی مەدەنی و سەربازی بەكاردەهێنم بۆ وەستاندنی توندوتیژییەكان".
دۆناڵد ترامپ پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ حاكمی ئەو ویلایەتانەش ئەنجامداوە، كە خۆپیشاندان و نارەزایەتییان تێدایە، حاكمی ویلایەتەكانی بە لاواز ناوبردووە، داواشی لێكردون خۆپیشاندەران بێدەنگ بكەن، ئەگەر نا، حكومەتی فیدراڵی ناچار دەبێت سوپا بەكاربهێنێت.
ماوەی چەند رۆژێكە بەهۆی كوژرانی هاووڵاتییەكی رەشپێست لەلایەن ئەفسەرێكی پۆلیسەوە، خۆپیشاندان و ناڕەزایی ژمارەیەك ویلایەتی ئەمریكای تەنیوە و توندوتیژی لێكەوتوەتەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group