كازمی سەردانی كەركوكی كرد و قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی دەستیپێكرد

02/06/2020 عێراق

نەوا
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەردانێك گەیشتە پارێزگای كەركوك، هاوكات هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بۆ پشكنینی باشوری رۆژئاوای كەركوك تاوەكو سنوری پارێزگای سەڵاحەدین دەست پێكرد.
میدیای فەرمی عێراق بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەردانێك گەیشتوەتە كەركوك و چەند فەرماندەیەكی سەربازی پێشوازییان لێكردووە.
ئەوە یەكەم سەردانی مستەفا كازمی-یە بۆ كەركوك لەو كاتەوەی بووەتە سەرۆك وەزیران، سەردانەكەش هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بۆ پشكنینی ناوچەكانی باشوری رۆژئاوای كەركوك.
لەو بارەیەوە فەریقی روكن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، بە سەركردایەتیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی پشكنینی ناوچەكانی باشوری رۆژئاوای پارێزگای كەركوك تاوەكو سنوری پارێزگای سەڵاحەدین دەستی پێكرد.
هەر لەو بارەیەوە عەمید یەحیا رەسوڵ وتەبێژی راگەیاندنی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە تویتێكدا رایگەیاند، "بە فەرمانی مستەفا كازمی سەرۆكی گشتیی هێزە چەكدارەكان و بە سەرپەرشتیی سەركردایەتیی چالاكییە هاوبەشەكان قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی (پاڵەوانانی عێراق) دەستی پێكرد".
یارەڵڵا ئاشكراشیكردووە، سوپا و پۆلیی فیدراڵی و فیرقەی بەرپەرچدانەوەی خێرا و هێزەكانی حەشدی شەعبی لە كەركوك بەشداریی ئۆپەراسیۆنەكە دەكەن، بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپا و هێزی ئاسمانی و هەروەها فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group