سبەینێ پەرلەمانی عیراق دەنگ لەسەر وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەكەی كازمی دەدات

02/06/2020 عێراق

نەوا
بڕیارە سبەینێ چوارشەممە پەرلەمانی عیراق كۆببێتەوە و یەكێك لە بڕگەكانی كۆبونەوەكەش پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكانی  كابینەكەی مستەفا كازمی دەبێت، پەرلەمانتارێكیش پێی وایە فوئاد حسێن كاندید بۆ وەزیری دەرەوە رەتبكرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەنجامدانی‌ دانیشتنەكەی‌ سبەینێ، لەگەڵ سەرۆكی‌ فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كۆدەبێتەوە.
لای خۆیەوە عامر فایز ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكراشیكردوە، تائێستا بەرنامەی‌ كاری‌ دانیشتنەكەی‌ سبەینێ دیارینەكراوە و كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی حەلبوسی و فراكسیۆنەكان بۆ دیاریكردنی بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی پەرلەمانە.
پەرلەمانتارەكە راشیگەیاندوە، پێدەچێت لە دانیشتنەكەی‌ سبەینێی‌ پەرلەمانی‌ عیراقدا پۆستە بەتاڵەكانی كابینە وەزارییەكەی‌ مستەفا كازمی‌ دەنگی‌ لەسەر بدرێت و تەواو بكرێت، ئەگەر كۆدەنگییەك هەبێت لەسەر كاندیدی‌ وەزارەتە بەتاڵەكان.  
لای خۆیەوە نەدا شاكر جەودەت پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێی وایە كۆی وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەكەی كازمی لەم هەفاتەیە، یان هەفتەی داهاتوو، دەنگیان لەسەر بدرێت، جگە لە وەزارەتی دەرەوە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان سورە لەسەر ئەوەی فوئاد حسێن كاندید بێت بۆ پۆستەكە و بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، زۆربەی پەرلەمانتاران دەنگ بەو كاندیدە نادەن.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group