بەهۆی ئاڵۆزییەكانی كوشتنی رەشپێستەكەوە سۆنی نمایشكردنی پلەی ستەیشن 5ی دواخست

02/06/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
كۆمپانیای "سۆنی"ی یابانی نمایشكردنی نەوەیەكی نوێی "پلەی ستەیشن"ی دواخست، كە بڕیاربوو دوێنێ نمایشبكرێت، ئەوەش بەهۆكاری ئەو ئاڵۆزیانەی لە چەند شار و ویلایەتێكی ئەمریكا بەهۆی كوژرانی هاوڵاتیەكی ڕەشپێست سەریانهەڵداوە .
لە تویتێكدا تیمێكی بەرپرسی گەشەپێدان بە "پلەی ستەیشن" لە كۆمپانیای سۆنی ڕایانگەیاند، "سەرباری ئەوەی ئێمە لەوە تێگەین، كە بەكارهێنەران لە سەرتاسەری جیهان بە تامەزرۆییەوە چاوەرێی بینینی "پلەی ستەیشن 5"ن، بەڵام هێشتا ئێمە كاتەكە بە گونجاو نابینین بۆ ئاهەنگگێڕان و لەئێستادا پێمان باشترە پاشگەزبینەوە و گوێڕاگرین بۆ ئەو دەنگانەی گرنگترن".
هاوكات كۆمپانیای "ئەلكترۆنیك ئارتس"ی ئەمریكی تایبەت بە یارییە ڤیدیۆییەكان نمایشكردنی یاری "مادن ئێن ئێڤ ئێڵ 21"ی نوێی دواخست، كە بڕیاربوو لەم هەفتەیەدا نمایشبكرێت .
كۆمپانیای "ئی ئەی" كە بنكەیەكی لە كالیفۆرنیایە، ڕایگەیاند، "ئێمە پاڵپشتی لە هاوڕێ‌ و بەكارهێنەران و هاوپیشە ئەمریكیە بەڕەگەز ئەفریقیەكان دەكەین و گرنگی پێدانەكانمان لە ئێستادا بۆ ئەو ڕێوشوێنانە دەبێت، كە دەگیرێتە بەر بۆ گۆڕانكاریكردن لە مامەڵەكردنی نایەكسان، كە جیهان و نەتەوەكەمان پێوەی دەناڵێنن".
ئەمە لەكاتێكدا بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناوە پێشانگای ساڵانەی یاریە ڤیدیۆییەكان لە لۆس ئەنجلس هەڵوەشێنرایەوە و ئەمەش وای لەكۆمپانیاكان كرد نمایشكردنی بەرهەمەكانیان لە رێگەی ئینتەرنێت و بە ئۆنلاین بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group