ئێران.. جارێكی تر تۆماری رۆژانەی تووشبوانی كۆرۆنا سێ هەزار كەسی تێپەڕاند

02/06/2020 جیهان

نەوا
دوای ئەوەی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا تۆماركردنی رۆژانەی تووشبووانی كۆرۆنا بۆخوار سێ هەزار كەس دابەزیبوو، سەر لەنوێ ئامارەكان بۆ سەروو ئەو ژمارەیە هەڵكشانەوە.
كیانوش جەهانپور وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، لە 24 كاتژمێری رابردوودا سێ هەزار و 117 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كراون و 64 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.
وتیشی، تا ئێستا 157 هەزار و 562 حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا لە ئێران تۆمار كراون و لەو ژمارەیە حەوت هەزار و 942 كەس گیانیان لەدەستداوە.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران باسی لەوەشكرد، 123 هەزار توشبوو تا ئێستا چاكبوونەوە.
لە دوومانگی رابردوودا تۆمار كردنی حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا لە ئێران رووی لە دابەزین كردبوو، بەلام چەند رۆژێكە سەرلەنوێ ئامارەكان بەرزبوونەوە، بەرپرسانی تەندروستی ئەو وڵاتەش هۆكارەكەی بۆ زیادكردنی پشكنینەكان لە لایەك و كەمبوونەوەی پابەندبوونی هاوڵاتیان بە رێنماییەكانی خۆپارێزی دەگێڕنەوە.




شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group