پەرلەمانتارێكی كورد: كاندیدكردنی فوئاد حسێن بۆ وەزارەتی دەرەوە كارەساتە

05/06/2020 عێراق

نەوا
ئەندامێكی فراكسیۆنی ئایندە لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت، دەنگدان بە فوئاد حسێن بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دەرەوە كارەساتە و لەو بارەوە هۆشداریدا بە پەرلەمانتارە عەرەبەكانی پەرلەمان.
سەركەوت شەمسەدین ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی ئایندە دەربارەی كاندیدكردنی فوئاد حسێن لەلایەن پارتییەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا وتی: "كاندیدكردنی فوئاد حسێن بۆ پۆستی دەرەوەی عێراق كارەساتە".  
 وتیشی: "ناوبراو عێراق بە دوژمنی هەرێمی كوردستان دەزانێت، ڕێگەدان بەوەی كە ئەو كەسە وەزارەتی دەرەوەی عێراق وەربگرێت بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی ئەو پەرلەمانتارانەی كە نوێنەڕایەتی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەكەن". 
سەركەوت شەمسەدین، ئاماژەی بەوە كردووە، "ئەگەر لە حاڵەتێكدا لایەنە سیاسییەكان دەنگ بە فوئاد حسێن بدەن ئەوا دەبێت بەدڵنیاییەوە بزانین كە ڕێككەوتنێكی ژێربەژێر لە نێوانیاندا كراوە بەبێ ڕەچاوكردنی ڕەهەندە نیشتمانییەكان"  
پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی ئایندە لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو "فوئاد حسێن فەرمانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان جێبەجێدەكات وپێشتریش عێراقی بە دوژمنی هەرێمی كوردستان ناوبردووە".  
 پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی ئایندە لە پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوەكەدا داوای كردووە  "پۆستێكی سیادیی و هەستیار لەو شێوەیە دەبێت بدرێت بە كەسایەتییەكی كوردی بێلایەن كە دوربێت لە جێبەجێكردنی ئەجندایەكی تەمومژاوی تایبەت بەحزبێك".  


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group