سیستانی: تەئكید لەسەر رێوشوێنەكانی لایەنە تایبەتمەندەكان بۆ خۆپاراستن دەكەینەوە

06/06/2020 عێراق

نەوا
نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق بەهۆی زیادبونی ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەیاننامەیەكی بڵاوكردوەتەوە و داوا لە هاووڵاتیان دەكات هۆشیارتر بن و جەخت لەسەر ئەو رێوشوێنانە دەكاتەوە، كە لایەنە تایبەتمەندەكان بۆ خۆپاراستن بڵاویدەكەنەوە.
نوسینگەی عەلی سیستانی لەبەیاننامەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە، پابەندبون بەو رێوشوێنانەی لایەنە تایبەتەكان رایدەگەیەنن دەبێتە هۆی دانانی سنورێك بۆ بڵاوبونەوەی پەتاكە و كەمبونەوەی ژمارەی توشبوان، بۆیە پابەندبون پێیانەوە شتێكی گرنگ و پێویستە و ناكرێت پشتگوێ بخرێن، بەتایبەتی لەم بارودۆخەی وڵاتی تێدایە و دابینكردنی پێداویستی پزیشكی بۆ ژمارەی زیادبوانی پەتاكە قورسە.
تەئكیدیش كراوەتەوە، رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی ئەم پەتایە بەرپرسیارێتی هەموانە بە هاوڵاتیان و بەرپرسانیشەوە و پێویستە هەموان لەئاست ئەو بەرپرسیارێتیە گەورەیەدا بن و هاوكار بن لە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەستیارە بە كەمترین زیان و كاریگەری.
نوسینگەی سیستانی باسی لەوەشكردوە "پێویستە هەموان ئەوەمان لەبیر بێت، كە سەرجەم كارمەندانی تەندروستی ئەركێكی مەزنیان لەسەرشانە بە چارەسەركردنی توشبوانی پەتاكە و گرنگیدان پێیان، خۆیان و خێزانەكانیان روبەڕوی نەهامەتی قورس دەبنەوە، كە كەم كەس لێی تێدەگات و ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسیەوە لەو پێناوەدا، بۆیە سەری رێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین بۆ هەوڵە بەردەوامەكانیان و قوربانیەكانیان لەپێناو خزمەتی گەلەكەیان و بەجێهێنانی ئەركی ئایینی و نیشتمانی و مرۆییان، داوا لە خودا دەكەین بیانپارێزێت و خێر و چاكە و بەرەكەتیان بەشێوەیەك بداتێ‌، كە لە ئاست قوربانییە گەورەكەیاندا بێت، هەروەها داوا لە خودای گەورە دەكەین كە توشبوان بەزوویی چاكببنەوە و ئەم پەتایە لەسەر هەموان لاببات".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group