پەرلەمانتارێكی عیراق دەستیلەكاركێشایەوە و حكومەتی ئێستاش بە رژێمێكی زاڵم وەسفدەكات

07/06/2020 عێراق

نەوا
یوسف كلابی پەرلەمانتاری عیراق دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە ئەندامێتی پەرلەمان پێشكەشكرد و دەڵێت "رژێمی نوێ‌ شێوەیەكی نوێی لە شێوەكانی زوڵم پێشكەشكردوە، بۆیە بەردەوامبونم دەمكاتە هاوبەشی زوڵملێكردنتان".
یوسف كلابی لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە، لەسەرەتای ساڵی 2019 كاتێك ئەو شەرەفەی پێ‌ بڕدرا ببێتە پەرلەمانتار و نوێنەری خەڵك، بە جدی كاری كردوە بۆئەوەی بەشداربێت لە هەڵگرتنی زوڵم لەسەر هاووڵاتیان و ناوچەكانیان، بەڵام دوای روداوەكان گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی رێچكەی زوڵم بەرانبەر خەڵك چەندین دەیەیە بەردەوامە و ئەو رژێمە نوێیە شێوەیەكی تر لە شێوەكانی زوڵمی زیادكردوە، كە ئەویش سیستمی پشككارییە و تێیدا تەنها رۆڵەكانی ناوەڕاست و باشور زیان دەكەن.
كلابی بە گەلی عیراق دەڵێت "نەوتەكەتان و خوێنتان بێنرخە لەم سیستمەدا و بەردەوامبونم وەك ئەندامێك لەم سیستمە گەورەیەی پشككاریدا دەمكاتە هاوبەشی زوڵملێكردنتان".
هەروەها ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەكردوە، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە ئەندامێتی پەرلەمان پێشكەشدەكات و هیچ دەرفەتێك سەركەوتونابێت لەبەرئەوەی سیستمی پشككاری كۆنترۆڵی دیمەنی سیاسی كردوە، هەروەها بەردەوامیش دەبێت لە خەبات لەپێناو مافی هاووڵاتیان بەهەر رێگەیەك بتوانێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group