پۆلیسی دەریایی یۆنان روبەڕوی بەلەمە قاچاخەكانی كۆچەران دەبێتەوە

07/06/2020 جیهان

نەوا
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق رایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ پۆلیسی دەریاوانی سەر بەشاری چانكاڵێی توركیا 100 كۆچەریان لەدەریایی ئیجەدا رزگاركرد.
لەوبارەیەوە هیوا خدر ئەندامی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە توركیا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، ئێوارەی دوێنێ پۆلیسی دەریاوانی سەر بەشاری چانكاڵێ 100 كۆچەریان لەدەریای ئیجەدا رزگاركردوە، كە لە سێ بەلەمدا بون.
ئاماژەی بەوەشكردوە، 29 كۆچەر دوای گەیشتنیان بە سنوری دەریایی یۆنان بە بەلەمێكی چوپ لەلایەن پۆلیسی دەریایی یۆنانەوە دەستگیركراون و بەهەمان بەلەمی چوپدا رەوانەی سنوری دەریایی توركیا كرانەوە، لەگەڕانەوەیاندا روبەڕوی مەترسی خنكان بونەتەوە و پەیوەندیان بە پۆلیسی دەریایی توركیاوە كردوە و سەرجەمیان رزگاركراون.
هیوا خدر باسی لەوەشكردوە، لە روداوی دوەمدا 51 كۆچەری دیكە دوای گەیشتنیان بەسنوری یۆنان لەلایەن پۆلیسی دەریایی ئەو وڵاتەوە ناچاركراون بگەڕێنەوە سنوری دەریایی توركیا، بەڵام لە ڕێگا روبەڕوی خنكان بونەتەوە و لەبەرئەوەی بەلەمەكەیان چوپ بوە، بۆیە پەیوەندیان كردوە بە پۆلیسی دەریایی توركیاو لە كاتی خۆیدا سەرجەمیان رزگار كراون.
ئەوەشی خستوەتەڕو، لە روداوی سێیەمدا 20 كۆچەری دیكە دوای گەیشتنیان بە سنوری یۆنان لەلایەن پۆلیسی دەریاوانی وڵاتەكەوە ناچاردەكرێن بگەڕێنەوە سنوری دەریایی توركیا بەهۆی ئەوەی بەلەمەكەیان چوپ بوەو روبەڕوی خنكان بونەتەوە، نەشیان توانیوە پەیوەندی بە پۆلیسی دەریایی توركیاوە بكەن، بەڵام پێش نقومبونی بەلەمەكەیان لەلایەن بەلەمێكی دەریایی توركیاوە بینراوە و بە زوترین كات سەرجەمیان رزگاركراون.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group