هارڤارد: كۆرۆنا لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو بڵاوبوەتەوە

09/06/2020 جیهان

نەوا
زانكۆی هارڤاردی ئەمریكا بە پشتبەستن بەو وێنانەی لە رێگەی مانگە دەستكردەكانەوە گیراون و باس لەوەدەكات كە بە ئەگەری زۆر لە مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە كۆرۆنا لە شاری ووهانی چین بڵاوبوبێتەوە و پەكینیش ئەو ئەنجامە رەتدەكاتەوە.
توێژەرانی زانكۆی هارڤارد بڵاویانكردۆتەوە، بەپێی ئەو وێنانەی لە نێوان مانگی ئاب بۆ كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو لە رێگەی مانگە دەستكردەكانەوە گیراون، قەرەباڵغی بەردەم پێنج نەخۆشخانەی ووهان لە مانگی ئابەوە زیاتر بوون.
ئەوەشیان خستوەتەڕوو، كە لەو ماوەیەدا گەڕانی ئینتەرنێتی بە دوای زانیاری لە سەر نیشانەكانی وەك سكچوون و كۆكە زیادی كردووە.
لەبەرامبەردا هوا تشونیبینگ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندوە، توێژینەوەكەی زانایانی هارڤارد كە پشتی بە ژمارەی ئۆتۆمبێلەكانی بەردەمی ئەو نەخۆشخانانە دەبەستێت كە كۆرۆنای تێدا ئاشكراكراوە زێدەڕۆیی تێدایە و هیچ بنەمایەكی زانستی نیە.
بەرپرسانی چین لە كۆتایی ساڵی رابردوودا زانیاریان لە بارەی تۆماركردنی چەند حاڵەتێكی نەخۆشیەكی هەوكردنی سیەكان گەیاندبوە رێكخراوی تەندروستی جیهانی و لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە بە فەرمی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لەو وڵاتە راگەیەنرا.
بەشێكی ولاتانی جیهان چین بە شاردنەوەی زانیاریەكان لە بارەی چۆنیەتی و سەرەتای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا تۆمەتبار دەكەن و حكومەتی ئەو ولاتەش تۆمەتانە رەتدەكاتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group