راپۆرتێكی نێودەوڵەتی: عیراق سێهەم وڵاتی ناسەقامگیری جیهانە

12/06/2020 عێراق

نەوا
بەپێی راپۆرتێكی نێودەوڵەتی، عیراق لە ریزبەندی سێهەمی وڵاتاندایە لە رووی ناسەقامگیرییەوە.
پەیمانگەی ئابووری و ئاشتی، كە بنكەی سەرەكی لە ئوسترالیایە، راپۆرتێكی لە بارەی رەوشی سەقامگیریی جیهان لە ساڵی 2020دا بڵاوكردەوە.
پەیمانگەكە بە پشتبەستن بە تووندوتیژییەكان، شەڕی نێوخۆ، ململانێی سیاسی و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لێكۆڵینەوەیەكی لە 163 وڵات كردووە، بەپێی ئەنجامەكەی، عێراق لەمساڵدا لە رووی ئەمنی و ئاساییشەوە یەك پلە بەراورد بە ساڵی رابردوو پاشەكشەی كردووە و لە دوای ئەفغانستان و سووریا بە سێیەم نائارامترین وڵاتی جیهان دێت.
هاوكات راپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەكات، لەمساڵدا باری سەقامگیری لە 80 وڵات خراپتربووە و لە 81ی دیكەش باشتربووە.
بەپێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە، 10 ئارامترین و سەقامگیرترین وڵاتی جیهان بریتین لە ئایسلاند، نیوزلاند، پورتوگال، نەمسا، دانیمارك، كەنەدا، سەنگاپوور، چیك، ژاپۆن و سویسرا.
هەروەها 10 ناسەقامگیرترین وڵاتانی جیهانیش ئەمانەن: ئەفغانستان، سووریا، عێراق، سوودانی باشوور، یەمەن، سۆماڵ، لیبیا، كۆنگۆ، ئەفریقای ناوەڕاست و رووسیا. 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group