ناردنی هێزی دژەتیرۆر بۆ خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان رەتدەكرێتەوە

13/06/2020 عێراق

نەوا
دەستەی خاڵە سنوریەكانی عیراق سەرجەم ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە سەبارەت بەوەی هێزی دژەتیرۆری عیراق رەوانەی هەرێمی كوردستان كرابێت و لەمەودوا لە خاڵە سنورییە فیدراڵییەكان بونیان دەبێت.
دەستەی خاڵە سنوریەكانی عیراق لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە، ئەو زانیاریانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەژێر ناوی "دەزگای دژەتیرۆر دەگاتە هەرێمی كوردستان و لە خاڵە سنورییە فیدراڵییەكان بونی دەبێت" دورە لە راستییەوە.
ئەو پروپاگەندەیە لەكاتێكدایە پێشتر عومەر وائلی سەرۆكی دەستەی خاڵە سنورییەكان بەشێوەیەكی نافەرمی پێشنیارێكی ئاراستەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران كردبو بۆئەوەی دەزگای دژەتیرۆر بنێرێت بۆ پاراستنی خاڵە سنورییەكان.
لە چەند رۆژی رابردودا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە ئاماژەدان بەو پێشنیارە، زانیاری ئەوە بڵاوكرایەوە گوایە دەزگای دژەتیرۆری عیراق گەیشتوەتە خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان و لەوێ دەمێننەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group