ئێران راپۆرتێكی گۆتیرێش رەتدەكاتەوە كە بە هێرشەكانی سەر ئارامكۆ تۆمەتباری دەكات

13/06/2020 جیهان

نەوا
ئێران راپۆرتێكی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان رەتدەكاتەوە، كە پەنجەی تۆمەتی بەئامانجكردنی دامەزراوەی ئارامكۆی سعودیە لە ساڵی 2019 بۆ تاران درێژ دەكات، تاران دەڵێت، راپۆرتەكە لەژێر فشاری ئەمریكا و سعودیە دەركراوە.
دوای ئەوەی ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكدا ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە رێكخراوەكەی ئاگاداركردەوە، ئەو موشەكانەی لە  هێرشكردنە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە و كۆمپانیای ئارامكۆ بەكارهاتوون، ئێرانین و دژی یاسا نێودەوڵەتییەكانن و ئەگەر زۆرە هێرشەكان دەستی ئێرانی لە پشت بێت، وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی ئەو راپۆرتەی نەتەوە یەكگرتووەكانی دایەوە.
لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، راپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەژێر فشاری ئەمریكا و سعودیە دەركراوە، بۆیە تاران هەست بە نیگەرانی دەكات لەوەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان وەك ئامرازێك بۆ پێكاندنی ئامانجە سیاسییەكان بەكاردەهێنرێن.
تاران دەشڵێت، ئەو راپۆرتەی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكاتە لەگەڵ پڕۆژەبڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ درێژكردنەوەی قەدەغەكردنی پێدانی چەك بە ئێران، هاوكاتبوونی دەركردنی ئەو راپۆرتەش لەگەڵ هەوڵەكانی واشنتۆن بۆ درێژكردنەوەی قەدەغەی پێدانی چەك بە ئێران، ئەگەری ئەوە بەهێز دەكات، كە بڕیارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەژێر فشار و راسپاردەی ئەمریكا دەركرابێت، تا لەو رێگەیەوە لە ئەنجومەنی ئاسایش پشتگیری بۆ هەوڵەكانی لە دژی ئێران دەستبخات.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختدەكاتەوە، راپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان جگە لە سیاسەتەكانی ئەمریكا، خزمەتی‌ بەرژەوەندیی هیچ لایەنێك ناكات‌ و سەقامگیری ناوچەكە دەخاتە مەترسییەوە، هیچیش لەو راستییە ناگۆڕێت، كە ئەو دۆخەی لە ناوچەكە هاتووەتە ئاراوە، بەهۆی سیاسەتەكانی ئەمریكا و سعوودیەوەیە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group