دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی عیراق-توركیا پێویستی بە رەزامەندی حكومەتی عیراقە

13/06/2020 عێراق

نەوا-كاروان مەحمود 
بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاشكرایدەكات، كردنەوەی ئاسمانی عیراق پەیوەست نییە بەبڕیاری وڵاتانی دیكەو حكومەتی عیراق خۆی بڕیار لەبارەی دەستپێكردنەوەی گەشتەكان دەدات.
تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، بڕیاری كردنەوەی ئاسمانی عیراق بە رووی گەشتەكان تەنها لەلایەن حكومەتی عیراقەوە دەدرێت و ئەگەر وڵاتانی دیكەش بڕیاری كردنەوەی گەشتەكان بدەن پێویستە عیراق رەزامەندی بدات لەبارەی بەكارهێنانی ئاسمانی.
لەبارەی ئەوە دەوترێت توركیا دەستی بەگەشتەكانی كردووەتەوە لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك وڵاتی دیكە، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وتی: "رەنگە توركیا خشتەی گەشتەكانیش دیاری بكات بەڵام دەبێت رەزامەندی بدات لەسەر بەكارهێنانی ئاسمانی بەڕووی گەشتەكان".
تا هیر عەبدوڵڵا راشیگەیاند، لە ئێستادا ئاسمانی عیراق داخراوە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە هەركات باردۆخی تەندروستی گۆڕانكاری تێدا بكرێت و حكومەتی عیراق بزانێت دەتوانرێت كۆنترۆڵی گەشتەكان بكات و پشكنینی بۆ ئەوانەی دەڕۆنە وڵاتانی دیكەو یاخود دێنە ناو عیراق بكات بێگومان ئاسمانی عیراقیش بەڕووی گەشتەكان دەكرێتەوە بەڵام تا ئێستا بەفەرمی هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group