شیكه‌ره‌وه‌یه‌ك: داعش نزیكه‌ى 7 هه‌زار چه‌كدارى چالاكى له‌ نێوان عیراق و سوریا هه‌یه‌

15/06/2020 عێراق

نه‌وا
سه‌ره‌ڕاى شكستى رێكخراوى داعش و لاوازبونى، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا دوباره‌ به‌شێوه‌یه‌كى به‌هێزه‌وه‌ ده‌ركه‌وته‌وه‌ و چه‌ندین چالاكى ئه‌نجامداوه‌، ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى راوێژكاریى عیراقیش ده‌ڵێت "له‌نێوان عیراق و سوریادا شه‌ش بۆ حه‌وت هه‌زار چه‌كدارى چالاكى داعش هه‌یه‌".
هیشام هاشمى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى راوێژكاریى عیراق و لێكۆڵه‌ر و شیكه‌ره‌وه‌ له‌ بوارى توندڕه‌وى و تیرۆر له‌ناوه‌ندى سیاسه‌تى جیهانى جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى بونى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانێتیى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عیراقدا، رێكخراوى داعش له‌ئێستادا پاره‌ و ژینگه‌یه‌كى له‌باریشى نییه‌.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، ئه‌بو ئیبراهیم قوڕه‌یشى سه‌ركرده‌ى نوێى رێكخراوه‌كه‌ له‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى سه‌ركرده‌ى پێشوو كاریگه‌رى كه‌متره‌ و تواناى زانستى ئایینى و فیقهى نییه‌، كه‌ به‌غدادى هه‌یبوو، به‌ڵام توندڕه‌وه‌ و له‌ساڵى 2001ه‌وه‌ مێژوویه‌كى درێژى له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كاندا هه‌یه‌ له‌ناویشیاندا رێكخراوى قاعیده‌.
هه‌روه‌ها ئه‌و شاره‌زایه‌ى بوارى تیرۆر پێى وایه‌: ژماره‌ى چه‌كدارانى داعش له‌نێوان عیراق و سوریا ده‌گاته‌ شه‌ش بۆ حه‌وت هه‌زار چه‌كدار سه‌ره‌ڕاى بونى 11 بۆ 12 هه‌زار ئه‌ندامى لۆجیستى ناچالاك، ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌ناوچه‌ كراوه‌كان و سنوریه‌كان و ئه‌و ناوچانه‌ن له‌رووى جوگرافیه‌وه‌ ئاڵۆزن ئه‌و ناوچانه‌ش ده‌كه‌ونه‌ خۆرهه‌ڵاتى سوریا و خۆرئاوا و باكورى خۆرئاوای عیراق، پێشى وایه‌ ئێران سودى زۆرى له‌ ده‌ركه‌وتنى رێكخراوى داعش بینى و ژینگه‌یه‌كى باشى بۆ ره‌خساند بۆ كۆنترۆڵكردنى ناوچه‌ سوننیه‌كان له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌ له‌ عیراق و سوریا ئه‌وه‌ش له‌ژێر ناوى شه‌ڕى دژى داعشدا كراوه‌.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group