هۆشداری لە بڵاوبونەوەی پەتایەكی تری كوشندە دەدرێت.. ئەمجارە لەرێگەی شێرەوەیە

15/06/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
سەرەڕای ئەوەی جیهان نزیكەی 7 مانگە گیرۆدەی دەستی پەتایەكە بەناوی كۆرۆنای نوێ‌ COVID-19، بەڵام شارەزایان هۆشداری دەدەن لە بڵاوبونەوەی پەتایەكی دیكە و ئەمجارەیان لەرێگەی شێرەوەیە، كە بە پادشای دارستان ناسراوە.
لۆرد ئاشكرۆفت جێگری پێشوی سەرۆكی پارتی پارێزگارانی بەریتانی لە كتێبێكدا، كە لەم ماوەیەی دوایدا بڵاوكرایەوە، باسی لەوەكردوە، لە باشوری كیشوەری ئەفریقا 333 هەزار كێڵگەی بەخێوكردنی شێر بونی هەیە، كە هەزارەها شێریان تێدایە و لەپێناو ئێسكەكانیان دەكوژرێن.
رونیشیكردوەتەوە، ئێسكی شێرەكان بازرگانی پێوە دەكرێت و لە دروستكردنی دەرمان و شەراب و خشڵی جوانكاریدا بەكاردەهێنرێن، ساڵانە بەبڕی ملیۆنان دۆلار بازرگانی بەو ئێسكانەوە دەكرێت، كە داواكاریەكی زۆریان لەسەرە بەتایبەتی لە چین و دەوڵەتانی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا.


لای خۆیشیەوە رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی بڵاویكردوەتەوە، ئەوەی لە هەموی مەترسیدارترە ئەوەیە، كە ئاشكرۆفت لە كتێبەكەیدا ئاشكرای كردوە، ئەویش ئەوەیە ئەو شێرانە ئەگەری هەیە نەخۆشی كوشندە بگوازنەوە بۆ مرۆڤ، لەوانەش سیل و ژەهراویبون، هەروەها ئەگەری هەیە ببێتە سەرچاوەی پەتایەكی نوێ‌ لە جیهاندا.
رۆژنامەكە ئاشكرایكردوە، سوپای بەریتانی سیخوڕی ناردوەتە ئەفریقا بۆ چاودێریكردنی بازرگانییەكە و دەركەوتوە راوچیەكان لەرێگەی ژەهراویكردن یاخود گولـلەنان بە ورگی شێرەكانەوە بۆئەوەی بەر ئێسكەكانیان نەكەوێت، دەیانكوژن.
رونیشكراوەتەوە، تەنانەت  هەندێك لە شێرەكان بە زیندویی ئێسكەكانیان دەردەهێنن، چونكە بەو شێوەیە ئێسكەكانیان رەنگی پەمەیی دەبێت و ئەوەش لای كڕیارەكان خواستی زۆر لەسەر، ئەم بازرگانیە نایاساییە بە ئاشكرا لە بازاڕی "جۆهانسبێرگ" پایتەختی ئەفریقای باشور بەڕێوەدەچێت.
لەلایەكی دیكەوە دكتۆر "پیتەر كاڵدوێڵا" كە نۆرینگەی ڤێتێرنەری ژیانی وشكانی هەیە لە بریتۆریای ئەفریقای باشور دەڵێت، ژەهراوی بون یەكێكە لە نەخۆشیە كوشندەكان، كە لەناو ئەو شێرانەی بەخێودەكرێن باوە، چونكە سیستمی پاكوخاوێنی پەیڕەو ناكرێت و ئەگەری هەیە بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ ئەویش لە رێگەی ئێسك و پێستی ئەو شێرانەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group