مستەفا كازمی: هەوڵی زیاتر لە پێناو ئازادی رادەبڕین دەخەینەگەڕ

15/06/2020 عێراق
نەوا
سەرۆك وەزیرانی عیراق مستەفا كازمی رایگەیاند كە هەوڵی زیاتر لە پێناو پتەوتركردنی ئازادی رادەبڕین دەخەنەگەڕ، بۆ ئەوەی رۆژنامەگەڕیی وەك سەكۆیەك بۆ راستییەكان بمێنێتەوە.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە مستەفا كازمی بەبۆنەی ساڵیادی رۆژنامەگەریی عیراقەوە، پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە و رایگەیاندووە، "پیرۆزبایی ئاراستەی رۆژنامەوانان لە عیراق دەكەین كە یادی (151)هەمین رۆژنامەگەریی نیشتمانی دەكەنەوە".
مستەفا كازمی ئاماژەی بەوەشداوە، "رۆژنامەگەریی عیراق لە رێگەی كاروانە دوور درێژەكەی لە بەرگرییكردن لە بەرژەوەندییەكانی گەل و پاڵپشتیكردنی لە بزاڤە نیشتمانییەكانی دژبە ستەم و چەوساندنەوە كە دژ بە گەل ئەنجامدرابوو و رۆڵی لە پڕۆسەكانی چاكسازی و گۆڕانكارییەكان، مێژوییەكی پڕشكنداری بۆ خۆی تۆماركردووە".
مستەفا كازمی لە بەشێكی پەیامەكەیدا، هەڵوێستی ئازایانەی رۆژنامەوانانی وەبیرهێناوەتەوە بە تایبەتیش ئەوانەی كە لە بەرەكانی جەنگی دژ بە تیرۆردا قوربانییانداوە و ناویان لە تۆماری بەرگریكردن لە یەكێتیی خاكی عیراقدا نووسراوەتەوە.
هەروەها سەرۆك وەزیرانی عێراق ستایشی رۆڵی رۆژنامەوانانی عیراقی لەم قۆناغەی ئێستادا كردووە بە تایبەتیش لەرووی پاڵپشتیكردنیان لە هەوڵ و هەنگاوەكانی حكومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، ئەنجامدانی چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی توندەڕەویی.
لە كۆتاییدا مستەفا كازمی رایگەیاندووە "هەوڵی زیاتر لە پێناو پتەوتركردنی ئازادی رادەبڕین دەخەینەگەڕ، بۆ ئەوەی رۆژنامەگەڕیی وەك سەكۆیەك بۆ راستییەكان بمێنێتەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group