وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق هه‌ردوو باڵیۆزی توركیا و ئێران بانگ ده‌كات و ناڕه‌زایی توندیان پێده‌دات

18/06/2020 عێراق

نه‌وا
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق هه‌ردوو باڵیۆزی توركیا و ئێران له‌ به‌غدا بانگ ده‌كات و له‌ به‌رانبه‌ر پێشێلكارییه‌كانیان له‌نێو خاكی عیراقدا، په‌یامی ناڕه‌زایی توندیان پێده‌دات.
له‌وباره‌یه‌وه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، عیراق به‌توندترین شێوه‌ ئیدانه‌ی سه‌رله‌نوێ پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه‌ له‌ رۆژی 17ی ئه‌م مانگه‌دا، كه‌ له‌نێو سنوری نێوده‌وڵه‌تیدا بۆردومانی خاكی عیراقی كردوه‌ و په‌لاماری چه‌ند ئامانجێكی داوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و پێشێلكاریانه‌ش ره‌تده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌رهه‌ق به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌نجامیده‌دات.
هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی پێویسته‌ لایه‌نی توركی بۆردومانه‌كانی رابگرێت و ئه‌و هێزه‌ ده‌ستدرێژیكاره‌شی بكشێنێته‌وه‌، كه‌ هاتونه‌ته‌ خاكی عیراقه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ سه‌ربازگه‌ی باشیك و ناوچه‌كانی دیكه‌.
هه‌روه‌ها حكومه‌تی عیراق دوپاتیده‌كاته‌وه‌، كه‌ توركیا هۆكاری زیادبونی تێكدانی ئاسایشی ناوچه‌ی سنوری هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو وڵاته‌، به‌جۆرێك به‌هۆی ده‌ستپێشخه‌ریی ئاشتیانه‌ی ساڵی 2013وه‌ ژماره‌یه‌كی زیاتری ئه‌ندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه‌" له‌نێو خاكی عیراقدا جێگیربون به‌بێ هیچ ره‌زامه‌ندییه‌ك یاخود راوێژێك له‌گه‌ڵ به‌غدا.
بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر ئه‌و ره‌وشه‌ش، ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق سه‌رله‌نوێ باڵیۆزی توركیای له‌ به‌غدا بانگكردۆته‌وه‌ و یاداشتی ناڕه‌زایی توندی پێداوه‌ و داوایكردوه‌ ئه‌و كاره‌ ئیستیفزازی و پێشێلكارییه‌ ره‌تكراوانه‌، رابگرێت.
هه‌ر ئه‌مڕۆ، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشتكردوه‌ و یاداشتی ناڕه‌زایی به‌رانبه‌ر ئه‌و تۆپبارانه‌ پێداوه‌، كه‌ دوو رۆژ له‌سه‌ریه‌ك ناوچه‌ گوندنشینه‌كانی پارێزگای هه‌ولێری گرتوه‌ و داوایكردوه‌ تاران رێز له‌ سه‌روه‌ریی عیراق بگرێت و ئه‌و جۆره‌ كرده‌وانه‌ رابگرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group